پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنێت و كورسیی لایەنەكان یەكلا دەكاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگی سەرجەم ئەو وێستگانەی كە مابوون، تەواو بووە و ئەنجامی دەستی و ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "100٪" وەكوو یەك و دروست بوون.
جومانە غەلای دەشڵێت، كۆمیسیۆن دەستی بە دابەشكردنی كورسییەكان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن كردووە، هەروەها كورسیی كۆتای ژنان و كەمینه ئایینییەكان یەكلا دەكرێتەوە.
نووسینگەكانی كۆمیسیۆن لە پارێزگاكان دەستیان كردووە بە پێدانەوەی وردەكاریی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی و حزب و كاندیدەكان، كە وێنەی سەرجەم دەنگەكان و وردەكاریی ئەنجامەكان لەخۆ دەگرێت.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ماوەی سێ ڕۆژ مۆڵەت بە كاندید و لایەنەكان دەدرێت بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان.