ڕەوشی سزادراوانی بادینان خراپە، شوێنی "حەوانەوە و خەوتنیان چوار بست"ـە

01-04-2021 09:52

پەرەگراف

سزادراوانی بادینان لە زیندانێكدان كە "چوار هێندەی ئاستی ستاندارد" زیندانیكراوی تێدایە و شوێنی "حەوانەوە و ژیان و خەوتنیان" تەنیا "چوار بست"ـە. زیندانییەكان جارێكی دیكە جەختیان كردووەتەوە كە لەژێر "هەڕەشەی نامووس"دا دانپێدانانیان لێ‌ وەرگیراوە.

دوای ئەوەی لە 16-2-2021 دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادیناندا سەپاند، تا ئێستا لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر ماونەتەوە و ڕێگە نەدراوە كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان بیانبینن. دواجار ئەمڕۆ لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان توانیی سەردانی ئەو زیندانیكراوانە بكات.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف وتی "پێنج سزادراوەكەمان بینی. بە هەموو شێوەیەك سزاكە و تۆمەتەكان ڕەت دەكەنەوە".

"هەموو سزادراوان (بە تایبەتیش شێروان و شڤان) وتیان لەژێر هەڕەشەی نامووسدا دانپێدانانیان لێ‌ وەرگیراوە و سزاكەیان پێشوەختە ئامادەكراوە".

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ، لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی لیژنەكە دوای سەردانی زیندانیكراوان، سەبارەت بە ڕەوشی سزادراوان وتی "تەنگیی شوێنەكەیان كاریگەریی دەروونیی لەسەریان دروست كردووە. ئەو شوێنەی كە تێیدان چوار بەرانبەری ئاستی ستانداردی خۆی زیندانیی تێدایە، ئەو شوێنە بۆ 30 كەس دروست كراوە، بەڵام 130 كەسی تێدایە".

"لە هەر ژوورێكی 50 مەتریدا 135 زیندانی هەن، وەكو خۆیان دەڵێن: مەسافەكەیان چوار بستە بۆ حەوانەوە و ژیان و خەوتنیان. ئەمە زۆر جێگەی نیگەرانییە لای لیژنە و سزادراوانیش"، بەدرییە ئیسماعیل وای وت.

وەكو گوڵستان سەعید دەڵێت، پاساوی ئاسایشی هەولێر بۆ تەنگیی شوێنەكەیان ئەوە بووە كە "چاكسازیی هەولێر نۆژەندەكرێتەوە".

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ، بۆ پەرەگراف باسی لەوەش كرد كە "سزادراوان لەژێر فشاردان و ناتوانن بە دڵی خۆیان پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لەگەڵ خانەوادەكانیان ئەنجام بدەن. بۆ تەلەفۆنیش دوو خولەك ڕێگەیان پێ‌ دەدەن، ئەویش دەبێت دەنگەكەی بدەن بە دەرەوە و تەنیا سەلامێكی كورتە و هیچ شتێكی تایبەتی تێدا باس ناكرێت".

وەكو بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ باسی كرد "لەو زیندانەدا كە سزادراوانی بادینانی لێیە، چوار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و جیاكراونەتەوە، بەڵام پێنج سزادراوەكە تووش نەبوون".

هەر لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی دوای سەردانەكەدا، ڕۆمیۆ ھەکاری، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە دەنگۆی ئەشكەنجەدانی زیندانیكراوان، وتی "شوێنەواری ئەشكەنجەمان بە جەستەی هیچ كام لە زیندانییەكانەوە نەبینی، بەڵام هەندێك حاڵەتی تەندروستی هەبوو كە لەبەر قەرەباڵغی شوێنەكەیان حەساسێتمان لە دەستی هەندێكیاندا بینی".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)دا سەپاند.

ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفراوانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراوان و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

ڕۆژی 25-2-2021یش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەی وەرگرت كە لەلایەن دەستەیەك لە پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانەوە پێشكەش كرا. ئێستا سزادراوان و كەسوكار و پارێزەرەكانیان چاوەڕوانی "بڕیاری دادپەروەرانە"ی دادگای پێداچوونەوەن.