سودانی دەڵێت هاوڕای بارزانییە لەبارەی یاسای هەڵبژاردن

18-11-2025 01:25

پەرەگراف-  محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە كۆڕبەندی مێپس لە دهۆک ڕایگەیاند، تائاستێكی زۆر تێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە و كێشەكانی نێوان هەردوولا سیاسی نین و پەیوەستن بە یاساو شرۆڤەكردن، وتیشی، هەنگاوی گەورەمان بڕیوە لەبارەی پرۆسەی نەوت و بە گیانی هاوبەشی توانیومانە گفتوگۆی لەسەر بكەین و لەڕێی چارەسەركردنی ئەو كێشانەوە توانیمان هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە.

لیستەکەی سوودانی بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق یەکەمی ناو لایەنە شیعەکانە کە حکومڕانیی عێراق دەکەن، سوودانیش خواستی ئەوەی هەیە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت وتی "راستە ئێمە زۆرترین كورسییەكەكانمان بردەوە، بەڵام هاوپەیمانییەكەمان(چوارچێوەی هەماهەنگی) دوێنێ‌ بڕیاریدا هاوپەیمانییەكی گەورە دروستبكات، پێكهێنانی حكومەت و گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان كاتی پێویستە و پێدەچێت سازانێكی خێرا بێتە ئاراوە".

سوودانی ئەوەشی خستەڕوو کە هاوڕای مەسعود بارزانییە لەبارەی سەرنجەکانی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، وتیشی "دەنگەکان بەفیڕۆ دەدرێن، پێویستە بگەین بە یاسایەکی دادپەروەرانە کە گوزارشت لە دەنگی دەنگدەران بکات. لەگەڵ ئەوەنین هێزە سیاسیەكان لەگەڵ بوون و هێزی خۆیان رەنگڕێژی یاسای هەڵبژاردن بكەن".

هەر ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی مێپس، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگ لە عێراق بەڕێوەچوو لەڕووی تەكنیكیەوە زۆر سەركەوتوو بوو، وتیشی "هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن زۆر پێویستە، چونكە یاساكە زۆر نادادپەروەرە".