پەرەگراف- مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان، دەشڵێت "بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین".
"لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت" مەکتەبی سیاسی پارتی وادەڵێت.
لە ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە:
هەروەكو ئاگادارن پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە ڕێكەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢) لە كەش و هەوایەكی دیموكراسیانە و ئازادانە و بە ڕێكوپێكی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و ڕێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی ڕاگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژارد، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.