مەزڵوم عەبدی: سوریا ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی ناوەندیی و نابینە مەترسی بۆسەر تورکیا

19-11-2025 11:18

پەرەگراف- مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، چیتر سوریا ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی ناوەندی و پێویستە سیستمێکی نا ناوەندیی هەبێت، جەختیشی کردەوە کە نابنە مەترسی بۆسەر تورکیاو پێویستە ئەنقەرە وەک هێزێکی پارێزەری سەقامگیری سەیریان بکات.

ئەو وتانەی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە وتارێکدا بوو لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، ئەوەشی خستەڕوو وەكو كوردو هەسەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان خاوەنی ئیرادەی خۆیانن و ئامادەن بۆ ئاشتی، ئاماژەی بەوەش کرد هەرێمی کوردستان ١٥ ساڵە پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

بەشێک لە وتەکانی مەزڵوم عەبدی:

ماوەیەكی زۆرە لەناو شەڕداین و دوای هەموو شەڕێك دەبێت دیالۆگ بكرێت

دەمانەوێت نەك هەر مافی كورد بەڵكو مافی تەواوی پێكهاتەكان لە سوریای نوێدا فەراهەم بكرێت

ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە.

رژێمی ئەسەد پێداگری لەسەر سیستمی ناوەندی و شەڕ دەكرد بۆیە گەلی سوریا شۆڕشی لە دژی كرد.

ئێمە رێگایی دیالۆگمان هەڵبژاردووەو ئەوەش رای هەموو گەلانی سوریایە.

كاتێك رژێمی ئەسەد كەوت بە هاوكارى ئەمریكی و فەرەنسیەكان دەستپێشخەری دیالۆگمان كرد لەگەڵ دیمەشق.

رێككەوتنی 10ی ئازار لەنێوان ئێمەو ئەحمەد  شەرع رێگەی لە شەڕو پشێوی گرت و مەترسی پارچەبوونی سوریای نەهێشت.

دەمانەوێت نەك هەر مافی كورد بەڵكو مافی تەواوی پێكهاتەكان لە سوریای نوێدا فەراهەم بكرێت.

بڕگەكانی رێككەوتنەكەی (10) ئازار جێبەجێنەكراون و ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە و گەڕەكە كوییەكانی حەلەب گەمارۆدراون.

ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز هەبێت ئەوا رێككەوتنە جێبەدجێدەكرێت.

وەك كوردو هەسەدە لە رژۆئاوای كوردستان خاوەنی ئیرادەی خۆمانین و هەنگاو بۆ ئاشتی دەنێین.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت دەرفەت بە سووریا بدەن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری.

ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی توركیاو سوریا دامەزراوەكانمان بە مەترسی نەزانن بەڵكو وەك سەرچاوەی ئارامی تەماشای بكەن.

ئێمە پێمانوایە چیتر سوریا ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی ناوەندی.

دوای 15 ساڵ جەنگ دەبێت دەوڵەتێكی نا ناوەندیی هەبێت لە سوریا.

ئێمە هیواداراین تا كۆتایی ئەمساڵ هەنگاوبنێین بەرەو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان.

گەلی كورد رۆڵێكی پێشەنگ دەگێڕێت لە ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سلێمانی و هەولێر (15) ساڵە پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.

مەسعود بارزانی رۆڵی گرنگی هەبووە لە پشتیگریكردنی یەكێتی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان.

باشوری كوردستان و باكوری كوردستان و كوردارانی تاراوگە دەتوانن رۆڵ ببین لە ئاوەدانكردنەوەی رۆژئاوای كوردستان.