مەسرور بارزانی: زۆر بەخشندەبووین بەرامبەر یەکێتی و لە دەنگەکانیان زیاتر پۆستمان پێدان

19-11-2025 03:37

پەرەگراف- مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، یەكێتی هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ پارتی کردو پێیانوابوو لە هەڵبژاردن پارتی لاواز دەبێت، ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوەو دانوستان لەسەر ئەم قۆناغە نوێیە دەكەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم، وتی، پارتی زۆر نەرمی نواندووەو زۆر بەخشدە بووە، پۆستی زۆر زیاتری داوە بە یەكێتی، زیاتر لە ژمارەی دەنگەكانیان، بەڵام ئەوان هێشتا هەر پێداگرییان دەكردو داوای زیاتریان دەكرد.

"ئێمە لە سەركردایەتییەوە وتویانە ئیتر ناتوانین لەمە زیاتر بەخشندە بین و نەرمی بنوێنین، بۆیە بەگوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە بردویانەتەوە، قەت ئەو پۆستانەیان بەرنەدەكەوت، دیسان جارێكی تر ئەوان نەیاندەویست حكومەت پێكبهێنرێت و نەهاتنە پێشەوە، بەڵام روون بوو نەیانویست حكومەت پێكبێت تا هەڵبژاردنی عێراق دەكرێت، پێموایە هەڵسەنگاندنی هەڵەیان كرد بۆ پارتی كە لەوانەیە پارتی لاواز ببێ لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا، ئەوكاتە ئەوان لە پێگەیەكی باڵاوە دانوستان لەگەڵ پارتی بكەن" مەسرور بارزانی وای وت.

وتیشی: ئەمڕۆ دوای هەڵبژاردكانی عێراق بەدڵنیاییەوە دۆخەكە گۆڕاوە، بۆیە ئێمە دانوستانەكان لەسەر ئەم قۆناغە نوێیە دەستپێدەكەین.

ئەوە لەکاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەو بەهۆی ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان، ڕێککەوتن نەکراوەو حکومەت پێکنەهاتووەو پەرلەمانی کوردستان کارا نییە.