ئاسایشی سلێمانی لەسەر ھەڵمەتی دەستگیرکردنی "ھاوڕەگەزخوازان" ڕوونکردنەوە دەدات

02-04-2021 05:58

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی لەسەر ھەڵمەتەکەی شەوی ڕابردوویان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: تەنھا بۆ نەھێشتنی دیاردەی لەشفرۆشی بووەو مەبەستیان ھیچ چین و توێژێک نەبووە.

ئەو ڕوونکردنەوەیە کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، دوای ئەوەدێت ھێزەکانی ئاسایش لە گەڕەکی سەرچنار ھەڵمەتێکیان ئەنجامداو ڕاگەیەندرا کە "بۆ دەستگیرکردنی ھاوڕەگەزخوازان" بووە، ئەوەش ناڕەزایی چالاکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئەوەدەخاتە ڕوو، ھەڵمەتەکەیان لەسەر داوای ھاوڵاتییانی ئەو گەڕەکە بووە "کە دیاردەی لەشفرۆشی تێدا زۆر بووبوو، بووبووەھۆی بێزارکردنیان".

"ئێمەش وەک پیشەو ئەرکی ھەمیشەییمان لە پێناو سەقامگیریی کە چوونە بەدەم داواکاریی ھاوڵاتیان، ھێزەکانمان ھەڵمەتێکیان ئەنجامدا تەنھا بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردەیە(لەشفرۆشی) و مەبەست و ئامانجمان ھیچ توێژو چینێکی تر نەبووە بۆ ئاگاداریی ھەموو لایەک" ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.