داهاتووی میلیشیا شیعەكان لەسەر مێزی گفتوگۆكانی عێراق و ئەمریكا

04-04-2021 05:17
دواین نمایشی سەربازیی میلیشیاكانی ڕوبعوڵا لە بەغداد، ئاداری 2021.

پەرەگراف- هەكار مەحمود

دوای چەندین جار هەڕەشەی "گوێبڕین" لە مستەفا كازمی‌و مانۆڕی سەربازیی‌و پیشاندانی هێز ‌و وەستانەوە بەڕوی دەوڵەتدا لەلایەن میلیشیا شیعەكانی عێراق كە ئێران پشتیوانییان دەكات، چارەنووس‌و داهاتووی ئەو میلیشیایانە دەخرێتە سەرمێزی گفتوگۆی ستراتیژیی بەغداد‌و واشنتۆن كە كۆتایی ئەم هەفتەیە گەڕێكی نوێی دەستپێدەكاتەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەكانونی دووەمی 2020 لەلایەن ئەمریكاوە لە بەغداد، گرژی و ئاڵۆزیی كەوتە نێوان عێراق‌و ئەمریكا.

چاوەڕوان دەكرێت لە ڕێی گەڕی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، پەیوەندیی‌و هەماهەنگیی نێوان بەغدادو واشنتۆن سەرلەنوێ دیاریی بكرێت.

بەرپرسێكی باڵا لە ئیدارەی ئەمریكا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە، ئامانجی ئەو گفتوگۆیانە دیاریكردنی شێوەی داهاتووی پەیوەندییەكانی هەردوولایە، تێیدا باس لە چەند دۆسییەیەكی گرنگی ئاسایش و بازرگانی و ژینگە و چەند بوارێكی دیكە دەكرێت.

بەرپرسەكە باسی لەوەكردووە، ئەمریكا دەیەوێت لە گفتوگۆكاندا داوایەكی حكومەتی عێراقی بۆ ڕوون ببێتەوە، لەبارەی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان و گرەنتنی نەگەڕانەوەی چالاكییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

داهاتووی میلیشیاكان

گفتوگۆكان لەكاتێكدایە عێراق گیرۆدەی پێشێلكاریی میلیشیا چەكدارەكانی شیعە بووە كە ئێران پشتیوانییان دەكات، بۆیە یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی سەر مێزی گفتوگۆكان، داهاتووی ئەو هێزە چەكدارانە دەبێت كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن، لەگەڵ باسكردنی ئەو قەیرانە داراییە گەورەیەی عێراقی تێكەوتووە، بەرپرسەكەی ئەمریكا بەو شێوەیە باسی دۆسییەكانی ناو كۆبوونەوەكان دەكات.

حكومەتی عێراق هەوڵێكی زۆری خستۆتەگەڕ بۆ ڕێكخستنەوەی چەكی ئەو میلیشیا چەكدارانەو كۆنتڕۆڵكردنیان، بە تایبەت بەهۆی دووبارە بوونەوەی بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز لە بەغداد، كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتانی دیكەی لێیە.

ئەوە لەكاتێكدایە كەتیبەكانی حزبوڵای سەر بە ئێران چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەڕەشەكانیان نوێكردەوە بۆ پێكان و بە ئامانجگرتنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەتویتێكدا كە پڕبوو لە سوكایەتی، ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی ئەمنی و وتەبێژی میلیشیاكانی حزبوڵا، پەیامێكی ئاڕاستەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كرد و بە "ناپاك" وەسفی كرد، جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی هێرشەكانیان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق بەردەوام دەبێت.

میلیشیاكانی ڕوبعوڵاش هەفتەی ڕابردووتر نمایشێكی سەربازییان لە بەغداد ئەنجامدا، هەڕەشەیان لە ئەمریكا و حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كرد، ئەوەش یەكەمجار نییە میلیشیاكان نمایشی لەو جۆرەیان دەبێت.

ئێران لە پشت میلیشیا شیعەكانەوەیەو شەڕی بە وەكالەت بۆ ئەو وڵاتە دەكەن لە دژی ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی، ئەوەش وایكردووە چەندینجار سەركردە عێراقییەكان هۆشدارییانداوە لەوەی عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێ‌و پێكدادانی ئەمەریكاو ئێران.

گفتوگۆكان لەسەر داواكاریی بەغدادە

عێراق بە داواكارییەكی ڕەسمی كە پێشكەشی ئەمریكای كردووە، داوای دیاریكردنی كاتێكی كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوانیان، بۆ باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و كشانەوەی ئەو هێزە شەڕكەر و سەربازییانەی لەخاكەكەیدا ماونەتەوە.

سێ بەرپرسی دیاری حكومیی ئاشكرایان كردووە، داواكارییەكە مانگی ڕابردوو پێشكەشی ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد كراوە. بڕیارە 7ی ئەم مانگە گفتوگۆكان دەستپێبكەنەوە.

ئەولەویەتی ئەمریكا لە عێراق

ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت، ئامانجە ستراتیژییەكانی وڵاتەكەی جێگیر و نەگۆڕن، تەنانەت ئەگەر ئیدارەكانیش بگۆڕێن، بەڵام ئەولەوییەتەكان دەگۆڕێن.

ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن، یەكەم و سەرەكیترین ئەولەوییەتی لە عێراق ڕوبەڕوبوونەوەی داعشە، باڵیۆز باسی لەوە كردووە هەر چوار ساڵ یاخود هەشت ساڵ جارێك كە ئیدارەی ئەمریكا دەگۆڕێت بە چاوێكی جیاواز سەیری ئامانج و ئەولەویەتی ئیدارەی پێش خۆی دەكات، بەڵام ئەوە گرنگیپێدانی ئەمریكا بۆ عێراق ناگۆڕێت كە باڵیۆز بە "وڵاتە زیندووەكە" وەسفی كردووە.

تولەر دەڵێت "تێكشكانی داعش ئەولەویەتی ئەمریكایە، هەرچەندە ڕێكخراوەكە لە ڕووی ماددییەوە شكستی هێناوە، بەڵام مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لەسەر داوای حكومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی یارمەتی پێشكەشی هێزەكانی دژە تیرۆر و پێشمەرگە بكەن لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعشدا".

باڵوێزی ئەمریكا جەختی لە مانەوەیان كردۆتەوە تا هاوكاری هێزە عێراقییەكان بن لە دووبارە نەگەڕانەوەی داعش و تیرۆریستان كە هەڕەشەن بۆ سەر گەلی عێراق و ئاسایشی ناوچەكە.

قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیژیی

لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، قۆناغی یەكەمی گفتوگۆكانی نێوان عێراق‌و ئەمریكا بەڕێوەچوو، لە دەرئەنجامی قۆناغی یەكەمدا ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات كردەوەو تەئكیدی لە بەردەوامیی كشانەوەی هێزەكانی كردەوەو ڕایگەیاند، نایەوێت بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت.

لە قۆناغی یەكەمدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا بەشداربوو لە گفتوگۆكەدا، تێیدا لەسەر چەندین تەوەر قسەكرا لەوانە؛ ئاسایش، تیرۆر، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسیـیەكان و پەیوەندیـیە ڕۆشنبیریـیەكانی نێوان هەردوو وڵات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشی هەردوو وڵاتی لەبارەی گفتوگۆكە بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوە خرایەڕوو، سەبارەت بە هاوبەشی ئاسایش، هەردوو وڵات ئەو بەرەوپـێشچوونە دەبینن كە بەدەستهاتووە لە نەهێشتنی هەڕەشەكانی داعش، لەسەر ڕۆشنایی ئەمە، "ئەمەریكا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی لە عێراق، وتووێژ لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجام دەدات لە بارەی شێوازی ئەو هێزانەی دەمێننەوە".

هەروەها ئەمەریكا جەختیكردووەتەوە هەوڵ نادات بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی سەربازیی لەو وڵاتە هەبێت، هەر وەك چۆن لە ڕێكەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008دا هاتووە كە هاوكاری ئاسایش لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی هەردوولا دەكرێت.

لایخۆیەوە حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە سەربازانی هاوپەیمانان بپارێزێت لەگەڵ ئەو شوێنە عێراقیانەشی تیایاندا میوانداریی دەكرێن، ئەمەش بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی و ئەو ڕێكەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێن.

هاوكات ئەمریكا دووپاتیكردەوە كە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، لە یەكپارچەیی خاكەكەی‌و لەو بڕیارە پەیوەستانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانەر و جێبەجێكاری عێراق دەرچوون.

ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاو بەردەوام بوون لە كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق، دوای ئەوە دێت پەرلەمانی عێراق ساڵی ڕابردوو لە دانیشتنێكدا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە، زۆرینەی شیعە بڕیاریاندا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان بە تایبەت ئەمریكا لە تەواوی خاكی وڵاتدا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی بە ئامانجگرتنی سەركردە سەربازییەكانی ئێران و حەشدی شەعبی بەتایبەت قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كە هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت.