زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی؛ ئێران و ئەمریكا گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ

06-04-2021 11:40

پەرەگراف

پاش سێ‌ ساڵ لە چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران، واشنتۆن و تاران دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەكە. گفتوگۆكان ئەمڕۆ بە ئامادەیی وڵاتانی ئەندام لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەست پێ‌ دەكەن.

لە سەرەتادا هیچ كۆبوونەوەیەك بەڕێوە ناچێت كە هەردوو شاندی ئێران و ئەمریكا تێیدا بەشدار بن، بەڵكوو هەریەكەیان بە جیا لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی (ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) كۆدەبنەوە و مەرج و تێبینییەكانی خۆیان دەخەنە ڕوو.

ئەمریكا ساڵی 2018 لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی كشایەوە و تاكلایەنە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن ئامادەیی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتننامەكە نیشان داوە، بەڵام مەرجی هەیە. هاوكات ئێرانیش بە مەرجەوە گەڕاوەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

شاندی ئەمریكا لەلایەن ڕۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران و شاندی ئێرانیش لەلایەن عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێن. گفتوگۆكان لەسەر داوای جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا بەڕێوە دەچن.

عەباس عێراقچی كە بە سەرۆكایەتیی شاندنی ئێران گەیشتووەتە ڤیەننا، بەر لە سەفەرەكەی ڕایگەیاند "هیچ گفتوگۆیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ"یان لەگەڵ ئەمریكا نابێت. وتیشی "دەبێت سەرەتا ئەمریكا هەموو بەرپرسیارێتییەكانی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمى جێبەجێ‌ بكات و هەموو سزاكان هەڵبگرێت، ئەوكات ئێمەش دەگەڕێینەوە".

هاوكات ڕۆبێرت مالی ئاماژەی بە ئامادەیی ئەمریكا بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە كردووە كە "لەگەڵ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ناگونجێن"، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە "گفتوگۆیەكی سەخت"یان لەپێشە و هێشتا زووە بۆ كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا.

هەر سەبارەت بە گفتوگۆكانی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند "ئەمریكا لە گفتوگۆكاندا چاوەڕوانی بەرەوپێشچوونی خێرا نییە" و جەختی كردەوە كە لە ئێستادا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ناكەن.

بەیانیی ئەمڕۆ، عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حكوومەتی ئێران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "وەكو پێشبینیمان كردبوو، سەرئەنجام ئەمریكا نائومێد بوو لەو ڕێگە هەڵەیەی هەڵی بژاردبوو و دانی بەوەدا نا كە سیاسەتی (ئەوپەڕی گوشار) بۆ سەر ئێران شكستی هێناوە، هیچ ڕێگەچارەیەك جگە لە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، نییە".

وتەبێژی حكوومەتی ئێران جەختی كردەوە كە "بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا سزا تاكلایەنەكان و شكاندنی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی كۆتایی پێ‌ دێت".

ئیدارەی جۆ بایدن هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، دژایەتیی بۆ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوو سەبارەت بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ڕاگەیاند و ئامادەیی نیشاندا بگەڕێتەوە ناو ڕێككەوتننامەكە، ئێرانیش پێشوازیی لەو هەنگاوە كردووە.

پێشمەرجی ئەمریكا ئەوەیە كە ئێران سەرجەم بەرپرسیارێتییەكانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیدا جێبەجێ‌ بكات، پێشمەرجی ئێرانیش هەڵگرتنی سەرجەم سزاكانە. گفتوگۆكانی ئەمڕۆی ڤییەنا بۆ ئەوەن كە هەموو لایەنەكان بگەنە خاڵێكی هاوبەش بۆ زیندووكردنەوە و جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ڕێككەوتننامەكە.

ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 پاش زیاتر لە دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ، لە نێوان (ئەمریكا، ئێران، ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) بە بەشداریی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا هاتە ئاراوە. پاش سێ‌ ساڵ لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕێككەوتننامەكەی بە "خراپترین ڕێككەوتننامە لە مێژووی ئەمریكا" ناو برد و تاكلایەنە كشایەوە و سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند.

ئیدارەی ترەمپ پێی وابوو كە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی نەك ڕێگری لە ئێران ناكات بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، بەڵكو كارئاسانیی بۆ دەكات.

پاش كشانەوەی ئەمریكا، ئێرانیش بە چەند قۆناغێك پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە كرد و دەستی بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی كردەوە، بە تایبەتیش ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرز كردەوە بۆ ئاستی چەند هێندەی ڕێگەپێدراوی ناو ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی.