دەیان پەرلەمانتاری خولی پێشوو فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانیان پڕ نەكردووەتەوە

03-06-2019 07:19


پەرەگراف – سەنگەر سالار

دەیان پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق كە لەنێویاندا ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردیش هەن، فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانیان پڕ نەكردووەتەوە‌و دەستەی دەستپاكیی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، داوای پڕكردنەوەو گەڕاندنەوەی خێرای ئەو فۆڕمانە دەكات.

بەپێی نووسراوێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە و وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان‌و 54 پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمان ناویان لەناو ئەو لیستەدایە كە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی كاركردنیان فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانیان پڕنەكردووەتەوە.

هەشت كورد لەنێو ئەو لیستەی دەستەی دەستپاكیدان. لە فراكسیۆنی پارتی (شاخەوان عەبدوڵڵا و ڤیان دەخیل)، لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئارام شێخ محەمەد-جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان-، د. ئەمین بەكر، هەروەها مەسعوود حەیدەر و سروە عەبدولواحید كە ئێستا پەیوەندییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە)، لە فراكسیۆنی یەكێتیش (ڕێزان شێخ دلێر و ڕەنگین عەبدوڵڵا) ناویان لەنێو لیستەكەدایە كە فۆڕمەكەیان پڕ نەكردووەتەوە.

د. ئەمین بەكر، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان كە ناوی لەنێو لیستەكەدا هاتووە، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ڕاستە كەمێك دواكەوتم لە پڕكردنەوەی فۆڕمەكەی دەستەی دەستپاكی، بەڵام پڕم كردووەتەوە و ئەو لیستە نوێیەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە بە هەڵە ناوی منی تێدا هاتووە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتیشی "ئەو فۆڕمە لە دەستپێكی كاری پەرلەماندا پڕدەكرێتەوە، بەڵام دەبێت لە كۆتایی ساڵەكانیشدا دیسان پڕبكرێتەوە، بۆ تۆماركردنی هەر گۆڕانكارییەك كە هەبێت".

لە نووسراوەكەی دەستەی دەستپاكیی عێراقدا كە لە ڕۆژی 16ی نیسانی 2019 ئاڕاستەی ئەمانەتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، فەرمانگەی پەرلەمانی كراوە، هاتووە "داواكاریمان لێتان هەیە فۆڕمی ئاشكراكردنی نۆ لاپەڕەیی سامانی ئەو كەسانەمان بۆ بنێرن كە لە خوارەوە ناویان هاتووە".

دەستەی دەستپاكی بۆ داواكاریی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە پشتی بە ماددەی یەك لە ئاشكراكردنی سامان، ژمارە دووی ساڵی 2017 بەستووە، كە دەڵێت: ئەو كەسەی ڕادەسپێردرێت، پێویستە لەسەری سامانی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی ڕوون بكاتەوە بەپێی ئەو نموونەیەی كە داوای لێ‌ دەكرێت. هەروەها بەپێی ماددەی سێیەم كە تێیدا هاتووە: لە كاتی كۆتاییهاتنی پۆستەكەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا كەشفی ساڵانەمان بۆ بنێرێت. نووسراوەكەی دەستەی دەستپاكی لە كاتێكدا ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە 10 مانگ تێپەڕبووە بەسەر كۆتاییهاتنی ئەو خولەی پەرلەماندا.

"من وەكو خۆم هیچ شتێكم نەبووە كە لە پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە بترسم. بەدواداچوونیش دەكەم بزانم هۆكاری چییە ناوی من لەو لیستەدا هاتووە كە فۆڕمەكەیان پڕنەكردووەتەوە" ئەمین بەكر وای وت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هۆكاری پڕنەكردنەوەی ئەو فۆڕمەی لەلایەن ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بۆ "ڕۆتینات" گەڕاندەوە، وتی "چونكە وردەكاریی زۆرە، بۆ نموونە پێویستە ئەگەر زەوی یان ئۆتۆمبێلێك و هەر شتێكی دیكەت بە ناوەوە بێت، ئەگەر ئێستا ئەو شتانە هی خۆیشت نەبن، ئەوا هەر دەبێت بەڵگەنامەكانیان لەگەڵ فۆڕمەكە ڕاپێچ بكەیت".

دەستەی دەستپاكی داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بە زووترین كات وەڵامی داواكارییەكەیان بداتەوە. پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندیی بە زۆرێك لەو پەرلەمانتارە كوردانەوە كرد كە ناویان لە لیستەكەدا هاتووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

فۆڕمەكەی دەستەی دەستپاكیی لە چوارچێوەی شەفافیەت‌و چاودێریی سەروەت‌و سامانی بەرپرساندایە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی دانراوە.

بەرپرسە باڵاكانی عێراق هەندێكیان تەنانەت دوای كۆتاییهاتنی ماوەی كاركردنیان لە پۆستە باڵاكاندا، ئامادەنین ئەو موڵك‌و ماڵ‌و ئۆتۆمبێلانە بگەڕێننەوە كە پێیاندراوە لەكاتی كاركردنیاندا.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی حكومەتی عێراق كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، نووسراوی فەرمیی ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و چەند بەرپرسێكی دیكە كراوە كە ئۆتۆمبێلی حكومییان لابووەو نەیان گەڕاندووەتەوە، جگەلە سەرۆك كۆماری پێشوو، هەریەكە لە ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە خولی پێشوو، لەناو لیستی ناوەكاندان كە ئەو نوسراوەیان ئاڕاستە كراوە.

عێراق لەدوا ساڵی 2003و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەندەڵی تێیدا زیاتر تەشەنەی سەندووەو كەمترین شەفافیەت‌و لێپرسینەوەی لە بەرپرسان تێدایە، بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە ڕیزبەندیی وڵاتان بۆ شەفافییەت، عێراق لە پلەی 168 دایە لەكۆی 180 وڵات، بە پێچەوانەشەوە واتە لەڕووی ناشەفافییەت و گەندەڵییەوە لە پلەی 12 دایە.

نزمترین ئاست كە عێراق پێی گەیشتبێت ساڵی 2007 بوو كە چووە پلەی 178، ساڵی 2003ش بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئەو ڕێكخراوە باشترین دۆخی عێراق بووە كە لە پلەی 113 دا هاتبوو.

نووسراوەكەی دەستەی نەزاهە بۆ پەرلەمانی عێراق