مەسرور بارزانی: ئامادەین بۆ جێبەجێ كردنی یاسای بودجەی عێراق

07-04-2021 01:09

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق بە دەسكەوت بۆ عێراق‌و كوردستان لە قەڵەم دەدات‌و ئامادەیی پیشاندا ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن لە چوارچێوەی پابەندبوون بە یاساكە.

مەسرور بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، وتی، یاسای بودجە هاوسەنگەو هەموو لایەك تێیدا براوەن، شاندی دانوستانكاری هەرێم بەڕێكوپێكی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان جێبەجێ كردووە.

سەرۆكی حكومەتی ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم كردووە ئاماەكاریی بكەن بۆ جێبەجێ كردنی پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە.

مەسرور بارزانی وتی، چاوەڕوانن حكومەتی عێراق ئەكی خۆی جێبەجێ بكات لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، "ئێستا حیكمەت لە جێبەجێ كردنی یاساكەدایە".

سەرۆكی حكومەت وتیشی، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین بۆ سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بەراورد بكەن لە نێوان ئەوەی پێویستە بەپێی یاساكە هەرێم بیداتە بەغدادو ئەوەی بەغداد پێویستە ڕەوانەی هەرێمی بكات. تا بەپێی ئەو بەراوردە پشكی هەرێم بۆ ئەو سێ مانگە ڕەوانە بكەن.

لەبارەی دابینكردنی مووچە، مەسرور بارزانی وتی "گرنگییەكی تایبەت بە تەرخانكردنی مووچە دەدەین، ئەوەشتان بیرنەچێت پابەندییەكانی سەرشانی هەرێم كەم نین، بەتایبەت لە دانەوەی قەرزەكان‌و ئەوەی دەكەوێتە سەرشانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بارگرانییەك لەسەر هەرێم دروست دەكات".

سەرۆكی حكومەت سوپاسی تایبەتی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی كرد، "سوپاسی تایبەت بۆ سەرۆك بارزانی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان كرد بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە".

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات.

یەكێك لەو بابەتانەی كە جێگای مشتومڕە، ڕادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتە ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ، كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەڵێنی دراوە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە جیاوازیی نرخی نەوتی هەرێم و سۆمۆ، پێشتر بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە كە "هەرێم نەوتی خۆی بە 20 دۆلار كەمتر لە سۆمۆ دەفرۆشێت، واتە دەبێت هەر بەرمیلێك 20 دۆلاری بخاتە سەر ئینجا داهاتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات".

بەوپێیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە پێنج ملیۆن دۆلار بخاتە سەر داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی دەیفرۆشێت، ئینجا ڕادەستی بەغدای بكات، كە مانگانە دەكاتە 150 ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020. هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".