بۆمبێكی ئامادەكراو هەڕەشە لە عێراق دەكات؛ چارەنووسی منداڵانی داعش

07-04-2021 06:24
ژنە داعشێكی چیچانیی لەگەڵ منداڵە ساواكەی كە كۆتایی 2017 لە تەلەعفەر دەستگیركراوە. وێنە؛ ڕۆیتەرز/ ڕایا جەلەبی

پەرەگراف

نە ڕابردوو، نەئێستا و داهاتوو، ئەوە ژیانی منداڵانی چەكدارانی داعشە كە ئێستا لە زیندانەكانی عێراقدان، لەلایەكەوە ترس هەیە ببنە هەڕەشەیەك بۆ ئایندە، لەلایەكی دیكەشەوە مانەوەیان لە چارەنووسێكی نادیاردا.

لەنێوان ساڵانی 2014-2017 دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هەردوولا هێزە عێراقییەكان هەزاران چەكداری داعشیان دەستگیركردووە، كە سەدانیان خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتانی بیانین، بەشێك لەو چەكدارە داعشانە خێزان‌و منداڵیان هەیە.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، حكومەت تائێستا 940 منداڵی لە ڕەگەزنامە جیاوازەكان ڕەوانەی وڵاتەكانیان كردۆتەوە، ئەوەش بەپێی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتەكانیان، لەنێوانیشیاندا 248 منداڵی ئازەریی هەبوون.

لەزینداندا دەمێننەوە

ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی لیژنەی ژنان و خێزان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، چوار هەزار منداڵی چەكدارانی داعش لە زیندانەكانی عێراقدان، كە بەشێكیان منداڵی چەكدارە عێراقییەكان و بەشێكی دیكەشیان منداڵی چەكدارە بیانییەكانن لە نێوانیاندا فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئوستورالی و چەند ڕەگەزنامەیەكی دیكە هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "بەپێی یاساكانی عێراق دەبێت ئەو منداڵانە لەسەر ئاینی ئیسلام بمێننەوە، تا تەمەنی 18 ساڵی تەواو دەكەن، دوای ئەوە ئازادن لە هەڵبژاردنی ئەو ئاینەی دەیانەوێت پەیڕەوی بكەن".

باسی لەوەشكردووە، منداڵەكان تا كاتێكی نادیار لە زینداندا دەمێننەوە، چونكە سەرجەم وڵاتە بیانییەكان ڕەتیدەكەنەوە وەریانبگرنەوە، بۆیە عێراق بەرپرسیار دەبێت لێیان.

"توركیا و ئازەربایجان تەنیا دوو وڵاتن ڕازیبوون بە گەڕانەوەی ژمارەیەكی منداڵەكان، پێش چەند مانگێكی كەم توركیا ژمارەیەك منداڵی وەرگرتەوە كە باوكیان توركن و چەكداری داعشبوون"، ڕێزان شێخ دلێر وادەڵێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبارەی خەرجیی ئەو منداڵانەوە ئاماژە بەوە دەكات، ڕۆژانە بۆ هەر یەكێكیان نزیكەی 10 هەزار دیناری عێراقی خەرج دەكرێت كە دەكاتە نزیكەی حەوت دۆلار، بەڵام ئەوان هیچ ئایندەیەكی ڕونیان نییە، چونكە قوتابخانەیان نییە و خاوەنی ڕەگەزنامە نین، دۆخیشیان زۆر خراپە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ساڵی ڕابردووی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، تائێستا بەشێكی منداڵانی عێراق ناتوانن بچنەبەر خوێندن هەرچەندە داعش سێ ساڵە شكستی هێناوە، منداڵی چەكدارەكانیش بەڵگەنامەی مەدەنییان نادرێتێ تاوەكو لە خوێندنگا حكومییەكان بخوێنن.

ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق 112 منداڵی بەڕەگەز ئازەریی ڕادەستی وڵاتەكە كردەوە كە لەگەڵ دایكەكانیاندا دەستگیركرابوون و لەلایەن دادگاكانی عێراقەوە سزای زیندانیكردنیان بۆ دەركرابوو، بەوەش ژمارەی ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە گەیشتۆتە 248 منداڵ.

بۆمبێكی ئامادەكراو

شەهرەزاد عەبدەلی توێژەری كۆمەڵایەتی باس لەوەدەكات، عێراق نە لەڕووی ماددییەوە نە لەڕووی لۆجستییەوە، توانای چاكسازی و گەڕاندنەوەی ئەوانەی بۆ ناو كۆمەڵگە نییە، بۆیە دەكرێت بوترێت ئەو منداڵانە "بۆمبێكی ئامادەكراون"، چونكە لە ژینگەیەكی ناتەندروست و نەگونجاودا دەژین، هیچ پرۆگرامێك نییە بۆ پەروەدەكرن و چاكسازییان، بۆیە زۆر قورسە بەو شێوەیە بگەڕێندرێنەوە ناو كۆمەڵگە.

ئەو توێَژەرە دەڵێت "هیچ قوتابخانەیەكی تایبەت نییە بۆیان، ئەگەر بەو شێوەیە بمێننەوە ئەوانیش دەبنە تیرۆریست و تاوانبار و لەسەر ڕێچەكەی باوانیان دەڕۆن، بۆیە پشتگوێ خستن و هێشتنەوەیان بەو شێوەیە مایەی مەترسییە".

دەسەڵاتی داوەری عێراق، پڕۆسەی دادگایكردنی چەكدارە ناوخۆی و بیانییەكانی داعشی لەئەستۆگرتووە، ئەوەش بەپێی ماددەی چوار لە یاسای تیرۆر كە سزای لەسێدارەدانی بۆ هەركەسێك دیاركردووە كە تاوانێكی تیرۆریستیی ئەنجامبدات یان هاوبەش بێت لەئەنجامدانی كارێكی تیرۆریستیدا.

دواكەوتنی پشكنینی دی ئێن ئەی

عەلی بەیاتی ئەندامی لیژنەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت " دوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناو شارەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، 300 منداڵ و 550 ژن لە ڕەگەزنامەی بیانیی دەستگیركراون و ئێستا لە زینداندان".

"ڕادەست نەكردنەوەی ئەو منداڵانە بە وڵاتەكانیان، پەیوەندی بە دواكەوتنی ئەنجامی پشكنینی دی ئێن ئەی هەیە، كە دەیسەلمێنێت خەڵكی چ وڵاتێكن، زۆرینەشیان ڕەتیدەكەنەوە وەریانبگرنەوە، چونكە نایانەوێت ئەو چینە كە لەناو سیستمی تیرۆردابوون، بچنە ناو كۆمەڵگەكانیان" بەیاتی بەو شێوەیە باسی هۆكاری ڕادەستنەكردنەوەی منداڵی چەكدارەكانی داعش دەكات.

دادگاكانی عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار دۆسیەی تیرۆری دژ بە چەكدارانی داعشیان چووەتە بەردەست، لەنێوانیاندا سەدان منداڵ هەن.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو دادگایكردنانە كەموكورتی زۆری تێدایە، بۆیە بەدیهاتنی دادپەروەری تێیاندا كارێكی سەختە، هەربەپێی ڕاپۆرتەكە 44 دۆسیە تایبەتن بەوانەی لەكاتی ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لەگەڵ داعش منداڵبوون، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە ڕوبەڕوی ئەشكەنجەدان و توندوتیژی بونەتەوە لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەیان 10 بۆ 20 ساڵ سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە هەوڵەكانیشدا بۆ وەرگرتنی لێدوانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەو بابەتە، لیوا خالید محەنا بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ڕەتیكردۆتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە و چارەنوس و دۆخی منداڵەكان لە زینداندا بكات.

گفتوگۆكان بەردەوامن

فازیڵ عیساوی ئەندامی ڕێكخراوی عێراقیی بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت "عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێك ڕێكەوتووە بۆ گێڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ وڵاتەكانیان، گفتوگۆ و دانوستانەكان لەوبارەیەوە بەردەوامن تاوەكو چارەسەری كۆتایی بدۆزرێتەوە بەجۆرێك مافی ئەو منداڵانە پارێزراوبێت".

"حكومەتی عێراق ڕەتیدەكاتەوە ڕەگەزنامە بداتە ئەو منداڵانە، چونكە یاسا ڕێگری لەو كارە دەكات، بۆیە دەبێت لە زیندان بمێننەوە و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بكرێت، تاڕێكەوتن دەكرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ وڵاتەكانیان" عیساوی وادەڵێت.

چاودێران پێیانوایە، نابێت جیهان بەو ئاسانییە پشت لەو منداڵانە بكات، چونكە ئەگەری زۆرە مەترسییان لەسەر بێت و ببنە ڕوویەكی نوێی داعش، چونكە ئەگەر پشتیان تێبكرێت، واهەست دەكەن هیچ بژاردە و چارەسەرێكی دیكەیان نییە.

بڕیاری ئەوروپییەكان

دادگای كارگێڕی بەرلین لە مانگی كانونی یەكەمی 2019 داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كردووە، ئەو منداڵانە بگەڕێنەوە كە دایك و باوكیان لەڕیزی چەكدارانی داعشدابوون لە عێراق و سوریا، گێڕانەوەشیانی زۆر بە گرنگ داناوە، بەڵام تائێستا بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە.

هاوكات لە دەستپێشخەرییەكی پەرلەمانی فەڕەنسا، 76 پەرلەمانتاری حزبە جیاوازەكان لە ئەیلولی ساڵی 2020 داوایانكرد، منداڵە فەڕەنسییەكان‌و دایكەكانیان بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان تاوەكو لەوێ چاودێریی بچوكەكان بكرێت، دایكەكانیش بەپێی یاسای فەڕەنسی دادگایی بكرێن.