وەڵامی توندی جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ وەزیرێكی پارتی؛ لاهور شێخ جەنگی دەستخۆشی لە قوباد تاڵەبانی دەكات

09-04-2021 09:42

پەرەگراف

ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی شارەوانی كە فەرمانی دابەشكردنی ژمارەیەك زەوی بە "بەكارهێنانی زەویی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی" ناو دەبات، لەلایەن جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە بە "ڕوونكردنەوەی نابەرپرسانە و قبووڵنەكراو" ناو دەبرێت. لاهوور شێخ جەنگییش "دەستخۆشی" لە قوباد تاڵەبانی دەكات لە بەرانبەر ئەو "هەڵوێست"ـەیدا.

بەیانیی ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە ژمارەیەك زەوی كە بە واژووی قوباد تاڵەبانی فەرمانی دابەشكردنیان بۆ دەرچووە، وتی "چەند ڕۆژێكە هەواڵێك لە دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە".

وەزارەتەكە دەڵێت "لە كاتی هەبوونی ژمارەی زەویی پێویست كە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێكردن ئامادە دەكرێت، بەسەر سەرجەم توێژەكان دابەش دەكرێت، نەوەك بە جیاوازی و لە چەند شوێنێكی دیاریكراو و بەكارهێنانی زەویی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستكردنی ئەمری واقیعێك بە دوور لە بنەمای یاسایی".

"دابەشكردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵكە موستەحەق و شیاوەكان بێت، بەپێی بڕیار و ڕێكار و بنچینە یاساییەكان بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك كاری نایاسایی ڕەفتاركردن لەگەڵ دابەشكردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و كارت ڕاگرتووە و كاری پێ ناكرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەكی یاسایی نابێت"، وەزارەتی شارەوانی وا دەڵێت.

دواتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وەڵامێكی توندی وەزارەتی شارەوانیی دایەوە كە وەزیرەكەی پارتییە و ڕوو لە "كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی" وتی "لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونكردنەوەی نابەرپرسانە دڵَگران بووبن، من لێرەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كەس و هێزێك نییە بتوانێت لەبەردەم مافە ڕەواكانتان بوەستێتەوە".

وەكو قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ناوەڕۆكی سێ فەرمانەكە "بریتییە لە دابەشكردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ كەس لە كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان".

جێگری سەرۆكی حكوومەت كە زەوییەكان بە واژووی خۆی فەرمانی دابەشكردنیان دراوە، جەخت دەكاتەوە كە ڕێگری لە دابەشكردنیان "قابیلی قبووڵ نییە" و دەڵێت "ئەو زەوییانە هەموو ڕێكارێكی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بە ئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركراون و ڕێكارەكان لە كابینەی نۆیەمدا تەواو كراون".

هەر ئەمشەویش لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك "دەستخۆشی"ی قوباد تاڵەبانی كرد "كە لەسەر مافی كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی هاتووەتە دەنگ".

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی و بە هەموو چین و توێژەكانەوە، خاوەنی ڕاستەقینەی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و ئەم خاكە پیرۆزەن، ناكرێت لێبگەڕێین بە مەرامی سیاسی بێ بەش بكرێن لە مافە ڕەواكانیان".