پەرەگراف - دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت، بە یەك ساڵ تێپەڕین بەسەر هەڵبژاردن و نزیكەی سێ ساڵ بۆشایی یاسایی پێشوو، ماوەی 1119 ڕۆژە هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمانە. دەشڵێت "تاكە كارێك پەرلەمانتارەكان كردبێتیان، وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان بووە، كە ئەمەش لەگەڵ هیچ دەستوور و یاسا و داب و نەریتێكدا یەك ناگرێتەوە".
پەی كە ڕێكخراوێكی ناحكومیی قازانجنەویستە و یەكێك لە كارەكانی چاودێریی كار و چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستانە، بەبۆنەی تێپەڕینی یەك ساڵی تەواو بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە تا ئێستاش بە كراوەیی و تەواونەكراوی ماوەتەوە، ڕاگەیەنداوێكی بڵاو كردووەتەوە.
وەكوو دامەزراوەكە خستوویەتیە ڕوو، پەرلەمان دەبوو لە دوای دەستبەكاربوونی لە 02-12-2024ـەوە تا ئێستا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لیژنەكانی پەرلەمان، سەرۆكی تازەی هەرێم، كابینەی نوێی حكومەتی هەڵبژاردایە.
لەو ئەركانەی دیكەی پەرلەمان كە دەبوو جێبەجێیان بكات بریتین لە: پەسەندكردنی یاسای بودجە و چەندین یاسای نوێ، چارەسەری كێشەی دەستە و دامەزراوە بەسەرچووەكان، چاودێری وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كاركردن بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕۆڵبینین لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكاندا.
دامەزراوەی پەی بە توانجەوە دەڵێت "دەتوانرێت ناوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامەكانی لە درێژترین كۆبوونەوەی كراوە و بێدەنگترین پەرلەمانتاردا، بخرێنە كتێبی گینزەوە".
هەروەها پەی ڕەخنەی لە پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمان گرتووە و دەڵێت "لە ساڵڕۆژی یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنیاندا، هەق بوو پەرلەمانتارانی خولی شەشەم كار بۆ گێڕانەوەی شكۆی پەرلەمان بكەن، كەچی نەك هیچ هەنگاوێكیان بۆ نەنا، بەڵكو كاراكتەرێكی ئەو ڕەوشە بوون كە دەگوزەرێت، كە خۆی لە بێبەهاكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لێدان لە شكۆی دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە".
"پەرلەمانتاران ناهەقیەكی ئاشكرا دەكەن بەرامبەر ئیرادەی خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێم، ئەمەش لەگەڵ هیچ كام لە پەیڕەو و كارنامەی قەوارە سیاسییەكان و بەڵێنەكانیاندا وێك نایەتەوە"، پەی وا دەڵێت.
خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەڵبژاردنەكەی لە 20-10-2024 بەڕێوە چوو، ئەندامەكانی یەكەم دانیشتنیان لە 02-12-2024 ئەنجام دا. لەو كۆبوونەوەیەدا كە كاتژمێرێكی خایاند، پەرلەمانتاران تەنیا سوێندی یاساییان خواردووە و مووچەیان بۆ بەستراوە، لە دوای ئەوە دایشتنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە نەتوانراوە بۆ هەڵبژاردنی دەستی سەرۆكایەتی كۆببنەوە.