گەورەترین کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر کرایەوە؛ جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە مەراسیمەکەدا چى وت؟
پەرەگراف - گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان، لە شاری هەولێر كرایەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە مەراسیمی كردنەوەیدا ڕایگەیاند "كردنەوەی كونسوڵخانەكە بەم ژێرخانەوە، ئاماژەیە بۆ ئەو بەهایەی كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستانی لەسەر بونیادا نراوە". وتیشی "هەبوونی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز لەناو عێراقێكی یەكگرتوودا ڕۆڵیكی كاریگەر لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراقدا دەگێڕێت".
کونسوڵخانەكە لەسەر ڕێگای هەولێر-شەقڵاوە دروست کراوە. ڕووبەرەكەی 202 هەزار و 350 مەتر دووجایە و كۆی گشتیی بودجەكەی 796 ملیۆن دۆلار بووە. بەردی بناغەی لە 06-07-2018 دانرا و ئەمڕۆ 03-12-2025 لەلایەن مایكڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی وەمریكا و بەرپرسانى هەرێمى کوردستانەوە كرایەوە.
مایكڵ ڕیگەس سوپاسی تایبەتی حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێدانی ئەو پارچە زەوییەی كە كونسوڵخانەكەی لەسەر دروست كراوە. وتیشی "بوونی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستان گرنگە و چاومان لە زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانە".
هەر لە وتارەكەی لە مەراسیمی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، مایكڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی وەمریكا، ڕایگەیاند "گرنگە عێراق و هەرێمی كوردستان كاری هاوبەش بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی كە بە پاڵپشتیی ئێران كار بۆ زیانگەیاندن بە سەروەریی عێراق دەكەن".
"هەفتەی ڕابردوو جارێكی دیكە شایەتحاڵی ئەم هەڕەشەیە بووین، بەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەی کرایە سەر كۆرمۆر"، مایكڵ ڕیگەس واى وت.
ڕیگەس جەختیشی كردەوە كە "ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندە بە كاركردنی نزیك لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكاندا بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان، پاراستنی سەروەریی عێراق، تێكشكاندنی تیرۆر، پتەوكردنی سەقامگیریی ناوچەیی و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانمان".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە مەراسیمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و كردنەوەی گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێری بە "پەیامێكی سیاسیی ڕوون دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی كوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵە كە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا هەیانە" ناو برد.
سەرۆكی هەرێم وتیشی "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەمریكا لەسەر بنەمای متمانە و بەها و كاری هاوبەش، ماوەی زیاتر لە سێ دەیە بونیاد نراوە. ئەمریكا لە سەختترین و هەستیارترین كاتەكاندا لە پاڵ گەلی كوردستاندا وەستاوە".
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كرد بۆ دیاریكردنی مارك ساڤایا وەكوو نێردەی ئەمریكا لە عێراق و وتی "ئەمە پێشهاتێكی گرنگە. هیوادارین ڕۆڵی خۆی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووێكەوە بگێڕێت".