وەزیری دارایی هەرێم دەربارەی لێبڕینی مووچە چی دەڵێت؟

12-04-2021 03:47

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە "ئەم مانگەیش مووچە بە لێبڕینەوە دابەش دەكرێت". هیچ بەڵێنێكیشی بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە لە داهاتوودا، نەداوە.

ئەمڕۆ شاندنی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆن و لیژنە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە.

سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە پەرەگرافی وت "لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، وتی: مووچەی ئەم مانگەیش بە لێبڕینی لەسەدا 21ـەوە دابەش دەكرێت".

بەپێی سەرچاوەكەی پەرگراف، شاندی حكوومەتی هەرێم خۆیان لە وەڵامدانەوەی وردی بەشێك لە پرسیارەكان "دزیوەتەوە" و وەزیری داراییش هیچ بەڵێنێكی نەداوە كە پاش هاتنی بەشەبوودجە لە بەغداوە لێبڕینی مووچە كۆتایی پێ‌ بهێنن.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندنی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم ڕوونكردنەوەی لەبارەی ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ بەغدا و ماف و بەرپرسیارێتییەكانی هەرێم لە یاسای بوودجەدا خستووەتە ڕوو.

ڕۆژی 7-4-2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكانی هەرێم قسەی كرد، سەبارەت بە یاسای بوودجە وتی، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین بۆ سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بەراورد بكەن لە نێوان ئەوەی پێویستە بەپێی یاساكە هەرێم بیداتە بەغدا و ئەوەی بەغدا پێویستە ڕەوانەی هەرێمی بكات. تا بەپێی ئەو بەراوردە پشكی هەرێم بۆ ئەو سێ مانگە ڕەوانە بكەن.

لەبارەی دابینكردنی مووچە، مەسرور بارزانی وتی "گرنگییەكی تایبەت بە تەرخانكردنی مووچە دەدەین، ئەوەشتان بیرنەچێت پابەندییەكانی سەرشانی هەرێم كەم نین، بەتایبەت لە دانەوەی قەرزەكان‌و ئەوەی دەكەوێتە سەرشانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بارگرانییەك لەسەر هەرێم دروست دەكات".

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات.

یەكێك لەو بابەتانەی كە جێگای مشتومڕە، ڕادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتە ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ، كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەڵێنی دراوە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە جیاوازیی نرخی نەوتی هەرێم و سۆمۆ، پێشتر بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە كە "هەرێم نەوتی خۆی بە 20 دۆلار كەمتر لە سۆمۆ دەفرۆشێت، واتە دەبێت هەر بەرمیلێك 20 دۆلاری بخاتە سەر ئینجا داهاتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات".

بەوپێیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە پێنج ملیۆن دۆلار بخاتە سەر داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی دەیفرۆشێت، ئینجا ڕادەستی بەغدای بكات، كە مانگانە دەكاتە 150 ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020. هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

* مەسرور بارزانی: ئامادەین بۆ جێبەجێ كردنی یاسای بودجەی عێراق