نێچیرڤان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح بە تەلەفۆن قسەیان كرد

03-06-2019 09:20

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق ئەنجامدا.

ئەوە یەكەم پەیوەندیی‌و قسەكردنی نێوان ئەو دوو كەسایەتییە سیاسییەیە دوای ڕكابەرییەكانی نێوان هەردوولایان لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار لە ساڵی ڕابردوودا.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بەرهەم ساڵحی بانگهێشت كردووە بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی وەك سەرۆكی هەرێم كە بڕیارە 10ی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەبچێت، هاوكات هەردوولا دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، لەو پەیوەندییەدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بایەخی پاراستنی یەكڕیزی و هەماهەنگی لەم هەلومەرجە هەستیارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕدەبێ، جەختیشیان كردووەتەوە كە پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و بەدوورگرتنی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئاڵۆزییەكان.

هاوكات سەرۆككۆمار و سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان پێویستیی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیان لە قۆناغی داهاتوودا دووپاتكردەوە ‌و پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانیان لە یەكدیكرد و هیوایان خواست كە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئۆقرەیی و ئارامی و كۆتاییهاتنی قەیرانەكان.