"چوار شەممەی سور" چییە كە ئێزدییەكان یادی دەكەنەوە؟

14-04-2021 03:54
كچێكی ئێزدیی لەیادی چوارشەممەی سوردا لە لالش. وێنە؛ كەركوك ناو

پەرەگراف

"چوارشەممەی سور" بۆنەیەكی تایبەتی ئێزدییەكان و سەری ساڵی نوێیە لای ئەوان، دەكەوێتە دووەم چوارشەممەی مانگی نیسانەوە، ئەوەش بەپێی ڕۆژ ژمێری ڕۆژهەڵاتیی، كە 13 ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمێری زاینییە.

لەو ڕۆژەدا ئێزدییەكان لەناوچەكانی خۆیان لە عێراق و ئێران، سوریا و توركیا هەروەها ناوچە جیاوازەكانی ئازەربایجان و ئەفغانستان و ڕوسیا و چەند بەشێكی ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا، یادی چوارشەممەی سور دەكەنەوە.

بۆچی ناونراوە چوارشەممەی سور؟

ئێزدییەكان لەبارەی ناونانی سەری ساڵیان بە چوارشەممەی سور پێیانوایە، "لەم ڕۆژەدا خودا خوێنی خستووەتە جەستەی ئادەمەوە، دواتر گۆشت جەستەكەی داپۆشیوە و خوێن لە لەشیدا هاتوچۆی كردووە، لەوێشەوە ژیانی بۆ هەسارەی زەوی ناردووە".

ئەوان بۆچوونیان وایە، گوڵاڵە سورە لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممەدا ڕواوە بۆیە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە لایان و ماڵەكانیانی پێدەڕازێننەوە و ناویانناوە گوڵی نیسان.

چراكانی جەژن

بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەكان، خودا لە دووەم چوارشەممەی مانگی نیساندا لە دروستكردنی گەردوون تەواوبووە، بۆیە چوارشەممەی سوریان ناوناوە ڕۆژی دروستكردن، تێیدا ئامادەكاری بۆ جەژن دەكەن.

ژنان و پیاوان بە گەڵای زەیتونەوە دەچنە پەرستگای لالش كە قیبلەی ئێزدییەكانە، دواتر 365 چرا دادەگیرسێنن ئەوەش بەپێی ژمارەی ڕۆژەكانی ساڵ.

پەرستشەكانیان

ئێزدییەكان چوارشەممەی سور بە ڕۆژی دروستكردنی گەردون دادەنێن، بۆیە زۆر لایان پیرۆزە، بەیانیی زوو هەڵدەستن جوانترین جلەكانیان لەبەردەكەن و خۆیان دەڕِِازێننەوە، گوڵاڵە سورە و گڵۆپ بە ماڵەكانیاندا هەڵدەواسن، ئەوەی لەتوانایدابێت سەرێك ئاژەڵ دەكاتە قوربانیی.

كچان و كوڕانی گەنج 12 هێلكەی كوڵاو ڕەنگ دەكەن، هەر سێ دانەیان و بەڕەنگێك هەر ڕەنگێكیش ئاماژەیە بۆ یەكێك لە وەرزەكانی ساڵ، ئەوەش لە قاپێكدا لە ناوەڕاستی ژوورێكی ماڵەوە دادەنرێت.

هێلكەكە هێمایە بۆ خڕێتی زەویی، كوڵاندنەكەی وەك ئاماژەیەك بۆ بەستنی زەوی، توێكڵە سپییەكەش دوای كوڵاندنی وەك نیشانەیەك بۆ تواندنەوەی ئەو چینە سەهۆڵەی لەسەر زەوی بووە، ڕەنگكردنی هێلكەكەش هێمایە بۆ وەرزی بەهار و سەرەتای ژیان.

بەیانیی ڕۆژی سێشەممە واتە ڕۆژێك پێش جەژن، ئێزدییەكان دەچنەسەر گۆڕی كۆچكردووەكانیان، لەگەڵ خۆیان سەرجەم جۆرەكانی میوە و شیرینی دەبەن و بەسەر منداڵان و هەژاراندا دابەشی دەكەن، هەروەها لەم ڕۆژەدا ڕێگری لە كێڵانی زەوی دەكرێت بۆ ئەوەی گوڵ بگەشێتەوە و خونچە بپشكوێت.

بەدرێژایی ئەم مانگە ئێزدییەكان هاوسەرگیری ناكەن، چونكە پێیانوایە شوومە و خراپە دێنێت بۆ ژیانیان، هەروەها دەڵێن "مانگی نیسان بوكی ساڵە، هیچ بوكێكی دیكە پێیناگات".

پەیوەندییان بە تاوسەوە

ئەوان پێیان وایە "مەلەك تاوس" كە سەرۆكی فریشتەكانە، لەلایەن خوداوە نێردراوە بۆ زەوی بۆ ئەوەی ژیانی تێدا بڵاوبكاتەوە و لە خۆڵ و ئاو دروستی بكات‌و ڕەنگە جیاوازەكان بوونیان هەبێت، بەڕای ئاینەكەی ئەوان ئەوەش لە ڕۆژی چوارشەممەدا بووە.

ئێزدییەكان جەژنەكەیان بە كۆنترین بۆنەی سەر زەوی دادەنێن، چونكە پەیوەندیی بە دروستبوون و ژیان و لەدایكبونەوە هەیە.

چوار جەژن لە جەژنێكدا

بەپێی ئاینی ئێزدییەكان چوارشەممەی سور یادكردنەوەی چوار بۆنەی زۆر لەیەكتر نزیكە ئەوانیش بریتین لە:

تەقینەوەی ناوكی سپی: بەهۆیەوە خۆڵ و ئاو و هەوا و ئاگری پیرۆز بۆ دەستپێكی گەردون دروستبوون.

- كوڵانی زەوی: كە بە كوڵاندنی هێلكە چوێندراوە، زەوی بەستویەتی، گوڵی گرتووە، سەوز بووە دوای تەقینەوەكە.

- جەژنی دروستكەر: قۆناغی پاڵنانی خوێنە بۆ یەكەم جەستە كە ئادەمە و لەوەوە ژیان دەستیپێكردووە.

- جەژنی پیتاندن: پیتاندنی یەكەم هێلكە بۆ دووبارە دروستبونی یەكەم بونەوەری زیندوو.

ئاگر لای ئێزدییەكان پیرۆزە چونكە حەزیان لە ڕووناكییە و دووردەكەونەوە لە تاریكی، هەر لەبەر ئەو هۆكارەشە لە جەژندا چرا دادەگرسێنن و ڕووناكی بڵاودەكەنەوە، لە كۆنیشەوە لەلایەن چەند گەل و ئاینێكی دیكەوە تۆمەتباركراون بەوەی ئەوان ئاگر پەرستن، بەڵام ئەوە بنەمایەكی ڕاستی نییە و بەهۆی بە پیرۆز زانینی ئاگر لای ئێزدییەكان لەسەریان دروستبووە.