كریستاڵی میس؛ ماددەیەكی هۆشبەری ترسناك هەڕەشە لە گەنجانی عێراق دەكات

15-04-2021 08:53
عێراقییەك كە بە تۆمەتی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوە لە بەسرە/ شوباتی 2019. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

پەرەگراف

مافیاكانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بەتەواوی عێراقدا بڵاوبونەتەوە، ئامانجیان ئەو گەنجانەیە كە لە ساڵانی جەنگدا پێگەیشتوون‌و بێكاریی باڵی بەسەردا كێشاون، حكومەتیش ئاوڕێكیان لێناداتەوە.

لەئێستادا جۆرێكی ماددەی هۆشبەر كە بە كریستاڵی میس ناسراوە و لە كۆمەڵەی میفیتامین و فینیسیلامینە، لە عێراق بڵاوبۆتەوە و بەشێكی گەنجانی گیرۆدە كردووە، ئەوەش بە حاڵەتێكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ داهاتووی وڵات و ژیانی ئەو كەسانە.

گەنجێكی تەمەن 27 ساڵ داوایكرد بە عەلی ناوی بهێنرێت، بەڕادەیەك گیرۆدەی ئەو ماددەیە بووە بۆ دەستكەوتنی پارەی كڕینەكەی، بتڵێك غازی لەماڵەوە دزیوە و فرۆشتویەتییەوە، پێشتریش مۆبایلەكەی و ژووی نوستنەكەی فرۆشتووە تا بتوانێت چەند گرامێك زیاتر لە كریستاڵی میس بكرێت.

ئەو دەڵێت "ماددەی هۆشبەر بەكارمدەهێنێت نەك بەپێچەوانەوە من بەكاریبهێنم".

عەلی لەكۆتاییدا لە خاڵێكی پشكنینی یەكێك لە گەڕەكە وێرانەكانی بەغداد دەستگیر دەكرێت، ئێستا لە سوچێكی زیندانی بنكەی پۆلیسی قەنات لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی عێراقە و سزای چوار مانگ زیندانی بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەسەردا سەپێندراوە.

"لەجیهانێكی دیكەدا بووم، هەموو دەمانویست لەو ژیانە پڕ مەینەتە قوتاربین" ئەو گەنجە بەو شێوەیە باسی هۆكاری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەكات.

عەلی یەكێكە لەو هەزاران گەنجەی ئالودەی بەكارهێنانی كریستاڵی میس بووە لە عێراق، ئەو وڵاتەی كە تا ماوەیەكی كەم پێش ئێستاش ماددەی هۆشبەری تێدا بڵاو نەبوبووەوە، تەنانەت لەو كاتەشدا كە وڵاتەكانی دراوسێی بەتایبەت ئێران، نوقمی ئەفیون و هیرۆین بووبوو، گەنجانی عێراق ئالودەنەبوون و سەلامەتبوون.

پزیشكێك لەبارەی كاریگەریی ئەو ماددەی هۆشبەرەوە ئاماژە بەوە دەكات، ئالودەبوون بە كریستاڵی میسامیفیتامین "پەتایەكی شاراوەیە"، هۆشدارییش دەدات كە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارتربووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەنجومەنی ئەتڵەسی كە لەمانگی شوباتی ڕابردوودا بڵاوكراوەتەوە، لەسەدا 60ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە، زۆرینەیان بێكارن، ڕێژەی بێكاری لەنێو گەنجانی عێراقدا گەیتشووەتە 36%.

نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوان، لەبارەی ئالودەبوون بەو ماددە كریستاڵییە لەعێراق باس لەوە دەكات، كریستاڵی میس بووە بە ماددەی هۆشبەری سەرەكی لە وڵاتدا، ئەوەش جێی نیگەرانی و مەترسییەكی زۆرە.

لە ڕاپۆرتێكی مانگی شوباتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، ئەگەر پێشتر ماددە هۆشبەرەكە لە ئێرانەوە بهاتایەتە عێراق، ئێستا لە كارگە ناوخۆییەكاندا دروست دەكرێت.

ئالودەبوون بە میسامیفیتامین كاریگەریی لەسەر سیستمی دادوەری و تاوانی جینائی هەبووە كە خۆی لە بنەچەوە بەدەست چەندین كێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت.

گروپی یەكەی ڕوبەڕوبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە بنكەی پۆلیسی قەنات كە عەلی تێدا زیندانی كرابوو، دەڵێت "217 كەسی ئالودەبوو و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەكەیاندا هەن".

یابار حەیدەر، ئەفسەر لەو بنكەیە ئاماژە بەوەدەكات، لەساڵی 2017وە ژمارەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوەو دەڵێت "تەنیا بەپێی ئامارەكانی بنكەكەی ئێمە بەراورد بە ساڵی 2017 ئالودەبوون بەڕێژەی 40% زیادی كردووە، بازرگانیكردنیش بەماددەی هۆشبەر بەڕێژەی 30% زیادبووە".

ئەو ئەفسەرە باسی لەوەكردووە، لە ساڵی 2017دا، گرامێك نرخەكەی نزیكەی 100 دۆلاری ئەمریكی بووە، بەڵام ئێستا لەهەندێك ناوچە بە كەمتر لە 20 هەزار دیناری عێراق گرامێك ماددەی هۆشبەر دەستدەكەوێت.
كریستاڵی میس چییە؟

كریستاڵی میسامیفیتامین جۆرێكی ماددەی وزەبەخشە و لەكۆمەڵەی میفیتامین و فینیسیلامینە، واتە لەو دەرمانانەیە كە كاریگەریی لەسەر عەقڵی كەسەكە دروستدەكات.

كاتێك بە بڕی كەم وەردەگیرێت كەسەكە چالاك دەبێت و هەست بە وزەیەكی زۆر دەكات بەتایبەت بۆ گەنجان، بە زیادبونی بڕەكەشی لە لەشدا كەسەكە بەرەو بێئاگایی دەچێت و دواتر كاریگەرییەكانی بەسەر لایەنی جەستەو دەرونییەوە دەردەكەوێت.

كاتێك كەسێك ئالودەی دەبێت، كاریگەریی لەسەر تەندروستی دەبێت بەتایبەت بۆ دڵ و مولولەكانی خوێن و مێشك و خانە دەمارییەكان، هەروەها هۆكارە بۆ چرچبونی پێست و تێكچونی ڕوخسار، دوای وازهێنانیش تا ماوەیەكی زۆر كە دەگاتە ساڵێك كاریگەرییەكەی لەسەر جەستەی كەسەكە دەمێنێت.