"هێرشەكانی سەر هەولێر و ناوچەكانی دیكە هێرشی تیرۆریستیی ڕێكخراو بوون"

16-04-2021 12:15

پەرەگراف

وەزارەتەكانی ناوخۆی عێراق و هەرێم دەربارەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەڵێن "لیژنەكانی لێكۆڵینەوە پاش فەرمانەكەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لێكۆڵینەوەیان دەست پێ‌ كردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووە و ڕادەستكردنیان بە داداگایەكی دادپەوەر".

هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هێرشەكانی ئەم دواییەیان بۆ سەر هەولێر و ناوچەكانی دیكە، بە "هێرشی تیرۆریستیی ڕێكخراو" ناو بردووە كە "ئاسایشی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا ئاسایشی هەرێمی دوردستان دەكەنە ئامانج بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نانەوەی دووبەرەكی".

لەو بەیاننامە هاوبەشدا كە ئەمشەو بڵاویان كردەوە، هەردوو وەزارەت هێرشەكانیان بە "هەوڵی شكستخواردوو" وەسف كردووە كە ئامانج لێی "تێكدانی ئەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنییانەیە بەم دواییە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئارا".

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە "گرەنتیی ئاسایشی عێراق لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، لە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵ و ئەو دامودەزگا فەرمییانەدایە كە نوێنەرایەتیی دەكەن، لەوانە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق".

شەوی ڕابردوو دوو هێرشی هاوكات كرانە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە باشیك. دوای هێرشەكە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانی كرد بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدادا وتی "دوای لێكۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هۆكاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە ئەنجامدا دەركەوت، هێرشەكە بە ڕێگەی درۆنی TNT كراو بووە و ئاراستەی بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان كراوە لە ناو فڕۆكەخانە".

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵەخانەیەك كەوتووە. لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن بۆ دیاریكردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەكە".

هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، هێرش كرایە سەر بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە باشیكی سنووری پارێزگای نەینەوا.

وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایگەیاند "سێ مووشەك ئاراستە كراون، یەكێكیان كەوتووەتە سەر ناوچەی بنكە سەربازییەكە و دوو مووشەكەكەی دیكە كەوتوونەتە ناو گوندەكە".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكە بڵاو كردەوە و تێیدا "بە توندترین شێوە سەركۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەمشەوی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنكەی سەربازیی توركیا لە باشیك" كردووە.

مەسرور بارزانی دەڵێت "هێرشەكانی ئەم دواییە هەوڵێكی زۆر دیار و ئاشكران بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".

"هەر گرووپێكی چەكدار كە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەكانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لە سنووری هەرێمی كوردستان بكشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوە دەكەم"، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم وا دەڵێت.

مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمشەو لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق قسەی كردووە "بۆ جەختكردنەوە و دووپاتكردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە".

لە كۆتاییشدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەڵێت "خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی كردەوەكانیان دەدەن".

درەنگانێكی ئەمشەویش سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە هێشەكان بڵاو كردەوە كە تێدا هاتووە "زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستییانە دەكەین كە ئەمشەو كرانە سەر فڕۆكەخانە‌ی نێودەوڵەتیی هەولێر و پێگەیەكی هێزەكانی‌ توركیا لە باشیك. هیچ پاساوێك بۆ ئەم هێرشانە نییە و لە زیان و تێكدانی سەقامگیری و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی عێراق، هیچی دیكەی لێناكەوێتەوە بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتە."

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "چەندبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە هەڵوەستەیەكی جددی دەوێت و دەبێ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عیراق بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەماهەنگی و هاریكاریی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپ و تاقمانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن زیاتر بكەن و سنوورێكی یەكجارییان بۆ دابنرێت، تا چیتر ئارامی و سەقامگیریی وڵات نەخەنە مەترسییەوە و دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت".