٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥ی دیکە برینداربوون لە دوو ڕووداوی ھاتووچۆدا

16-04-2021 05:55
ڕووداوەکەی ڕێگای ھیزۆپ - ڕووداوەکەی خەلیفان

پەرەگراف

ئەمڕۆ ھەینی لە دوو ڕووداوی ھاتووچۆدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان ھاوسەری یەکتربوون، ٥ کەسی دیکەش کە ھاوسەرو منداڵی ئەو سێ کەسەن برینداربوون.

لە ڕێگای نێوان ھیزۆپ و چوارقوڕنە کاتێک خێزانی ڕەوەند بەڕێگاوە بوون بەرەو ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری نیسان سەنی لەگەڵ بارھەڵگرێکدا پێکدادەدەن، لەو ڕووداوەدا ڕەوەندو ھاوسەرەکەی کە کۆرپەیەکی حەوت مانگی لەسکدا بووە گیانیان لەدەستدا.

ڕاگەیاندنی ھاتووچۆی ڕاپەڕین وێنەو زانیاریی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوو منداڵی ئەو خێزانەش برینداربوون کە تەمەنیان ٢ ساڵ و ٩ ساڵن.

منداڵەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

خێزانەکەی ڕەوەند بە سەردان لە چوارقوڕنە بوون، دوای ئەوەی ئاگادارکراون برایەکی ڕەوەند کە لە نەخۆشخانەیە لە ھەولێر دۆخی تەندروستیی باش نییە، ئەوانیش بڕیاردەدەن کۆتایی بە سەردانەکەیان بھێنن لە چوارقوڕنە، بەرەو ھەولێر بگەڕێنەوە، بەڵام تووشی ئەوڕووداوە بوون و ئەو ژن و مێردە گەنجە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ئامارەکان، ساڵانە بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە لە ھەرێمی کوردستان سەدان كەس گیان لەدەستدەدەن و هەزارانیش برینداردەبن، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیەو بە وتەی ھاتووچۆ، سەرەکیترینیان تیژڕەوی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان.

ھەر ئەمڕۆ، پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵ گیانی لەدەستداو ھاوسەرو کوڕو کچێکیشی برینداربوون، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان لەناحیەی خەلیفان سەربە قەزای سۆران.

كەم هەفتە هەیە، لە ڕێگاكانی دەرەوەی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، تەنانەت لەناوشاریش، هاووڵاتییان بەهۆی ڕوداوەكانەوە نەبنەقوربانیی.

زۆرێك لە ڕێگا سەرەكییەكان، ساڵانێك بە ڕێگای مەرگ ناودەبران، بەهۆی زۆریی قوربانیانی ڕوداوی هاتوچۆوە، زۆربەی ڕێگا سەرەكییەكان، بۆ هەر كەسێك بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی پێیاندا كردبێت، ئەوە ڕوونە کە پڕن لە تاسە و چاڵی گەورە، جگە لە نەبونی هێما پێویستەكانی هاتوچۆ.

قسەی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەكاتی هەر ڕوداوێكدا ئەوەیە، جگە لەوەی پێویستە شۆفێر پابەندی ڕێنماییەكان بێت، پێویستەحكومەتیش بە چاككردنی ڕێگاوبانەكان بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.