دوای زیاتر لە سێ دەیە یەکەم گەشت لە ئەورووپاوە بۆ عێراق

16-12-2025 03:50
پەرەگراف- دوای زیاتر لە سێ دەیە یەکەم گەشت لە ئەورووپاوە بۆ عێراق ئەنجامدرا، گەشتەکە لە ئەسینا بۆ بەغداد بوو بڕیارە هەفتانە دوو گەشتی لەوجۆرە ئەنجام بدرێت.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق دەڵێت "گەشتەکە لەلایەن کۆمپانیای Aegean Airlinesـەوە ئەنجام درا، کە ھێڵی نیشتمانیی یۆنانییە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم هێڵی فڕۆکەوانیی ئەورووپی کە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە بەغدادی پایتەخت بنیشێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا."
 
"ئەم گەشتە دوای هەوڵە بەردەوامەکان بە سەرپەرشتیی وەزیری گواستنەوە هات، کە بووە هۆی ئامادەکردنی پێداویستییە تەکنیکی و هونەری و ئەمنییەکان و بەرزکردنەوەی ئامادەیی ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی عێراق، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان لە فڕۆکەخانە ئەورووپییەکاندا بگونجێت" وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق وا دەڵێت.