پەرەگراف - دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا وتەبێژی یەکێتی کۆبوونەوەکەی بە "خراپ نەبووە" وەسف کرد، وتی، کۆبوونەوەی زەمینەسازیی بووە بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.
كاوان گەزنەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە یەكێتی دەیەوێت هاوبەشێكی راستەقینەی حوكمڕانی بێت، لەبارەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کە گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتییە، گەزنەیی وتی "یەكێتی نە لە وەرەقەی دانوستانەكانی، نە لەو پۆستانەی كە بە مافی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت تەنازول دەکات".
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، وتەبێژی یەکێتی وتی، تاێستا هیچ كاندیدێكمان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق دیارینەكردووە، بەڵام یەكێتی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە دەبێت.
شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری ١٦ی ئەم مانگە دەستیان کردەوە بە کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
ساڵێک و دوو مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە و حکومەت پێک نەهێنراوە، پەرلەمانیش به پەکخراوی ماوەتەوە.
ناکۆکیی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەتایبەت پۆستە ئەمنییەکان و وەزارەتی ناوخۆ کە یەکێتی داوای دەکات و پارتی ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری ئەو وەزارەتە ببێت، ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووە.