سەرۆكی حكوومەت دەربارەی كوشتنی ژنەكەی هەولێر: هیچ شەرەفێك لە ژنكوشتندا نییە

17-04-2021 03:29

پەرەگراف

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم "نیگەرانی" دەربارەی كوشتنی "ژنێكی گەنج" لە هەولێر لەلایەن مێردەكەیەوە دەردەبڕێت و دەڵێت "هیچ شەرەفێك لە ژنكوشتندا نییە، ئەمە دەبێت كۆتایی پێ بێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە تویتێكدا دەشڵێت "وەزیری ناوخۆم ڕاسپاردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی تۆمەتبار بە سزای خۆی بگات".

"كۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێش ناكەوێت ئەگەر نیوەی كۆمەڵگە نەتوانێت بە ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی. لەم كابینەیەدا ئێمە هاوكاریمان بۆ شێڵتەرەكان زیاد كردووە و پابەندین بە ئەنجامدانی كاری زیاتر بۆ پاراستن و پشتگیریی كچان و ژنان لە كوردستان"، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم وا دەڵێت.

ئێوارەی دوێنێ‌ لە گەڕەكی باداوەی شاری هەولێر، پیاوێك هاوسەرە تەمەن 21 ساڵەكەی خۆی بە فیشەك كوشت و هەڵات.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ڕووداوەكە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە بووە. لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كردووە و لە هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدان.