تا ئێستا بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا نەدراوە

كات لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا كراوەیە
17-04-2021 07:52

پەرەگراف

پاش نزیكەی دوو مانگ لە پێشكەشكردنی داواكاریی پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا، تا ئێستا بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەكەدا نەدراوە.

ڕەمەزان ئەرتیسی كە یەكێكە لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "تا دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەكەدا دەرنەچووە. هیچ ئاگاداركردنەوەیەك لەوبارەیەوە بە ئێمە نەگەیشتووە".

سەبارەت بە هۆكاری دەرنەچوونی بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەكە تا ئێستا، ئەو پارێزەرە دەڵێت "كات لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریدا كراوەیە بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەكە و پێداچوونەوەی".

ڕەمەزان ئەرتیسی ئاماژەی بەوە كرد كە پرۆسەكە كاتی دەوێت بە جۆرێك ئەنجوومەنی دادوەری داوای دۆسیەكە لە دادگا دەكات و بەڵگەكان لە لایەنە ئەمنییەكان وەردەگرێت و ڕێكاری دیكەش هەن.

"هەر داواكارییەكی پێداچوونەوە بە دۆسیەیەك لە سلێمانی و دهۆك و هەولێر هەبێت، دەچێتەوە ئەنجوومەنی دادوەری. بۆ نموونە: ڕەنگە 10 دۆسیەی دیكە لەبەردەمی دادوەردا بن. هەر دۆسیەیەكیش دەچێتە بەردەمی دادوەرەكان، لەوانەیە هەر داوەرێك پێویستی بە 10 بۆ 15 ڕۆژ یان زیاتر هەبێت تا كەیسەكە تەواو بكات"، ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وای وت.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری پێداچوونەوەی بە دۆسیەكەدا دەدات، سێ‌ دادوەر كار لەسەر دۆسیەكە دەكەن. بەڵام پارێزەرانی دۆسیەكە داوایان كردووە لەلایەن (الهیئە الموسعە) كە لە 11 دادوەر پێك دێت، كار لەسەر دۆسیەكە بكرێت.

ڕەمەزان ئەرتیسی دەڵێت "تا هەفتەی ڕابردوویش (الهیئە الموسعە) لەسەر ئەم كەیسە دانیشتنی ئەنجام نەداوە، ئیتر نازانین دانیشتنی لەبارەوە دەكات یان نا".

ڕۆژی 16-2-2021 دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادیناندا سەپاند. لە 22ی هەمان مانگیش پارێزەرانی دۆسیەكە پەڕاوی پێداچوونەوەیان پێشكەش بە ئەنجوومەنی دادوەری كرد بۆ پێداچوونەوە بە سزاكەدا.

سزادراوانی بادینان هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانیان لێ‌ وەرگیراوە. پارێزەرەكانییشان ئەو سزایە بە "نادادپەروەرانە" ناو دەبن و ڕەتی دەكەنەوە كە هیچ بەڵگەیەك بۆ تاوانباربوونی ئەو كەسانە هەبێت.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، بەڵام دەیان دەستگیركراوی دیكەی دەڤەری بادینان هەن كە شەش مانگیان لە زیندانەكاندا بەڕێ كردووە بێ ئەوەی كەسوكاریان هیچ لە بارەی تۆمەتەكانیان، چارەنووسی خۆیان و دۆسیەكانیشیانەوە بزانن.

* دەستگیركراوانی دیكەی بادینان؛ نە خۆیان دیارن نە دۆسیەو ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان