دابەشکردنى هاوکارییە ماددییەکانى چەمچەماڵ درایە دەست بۆردێکى تایبەت، زیاتر لە ١١.٥ ملیار دینار کۆکراوەتەوە

20-12-2025 04:27

پەرەگراف - بۆردێکى فراوان لە کەسایەتى و چالاکانى چەمچەماڵ و لایەنى پەیوەندیدار، بۆ دابەشکردنى هاوکارییە داراییەکان بۆ زیانلێکەوتووانى چەمچەماڵ پێکهێنرا. ڕۆژى دووشەممە دەست بە دابەشکردنى زیاتر لە ١١ ملیار دینار دەکرێت و هاوکارییەکان بۆ ماڵەکان و شوێنە بازرگانییەکان تەرخان دەکرێت. سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بووژانەوەى چەمچەماڵ دەڵێت "هاوکارییەکە بە چەکى بانکى دابەش دەکرێت و زیانلێکەوتووان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە بانک بە کاش وەرى بگرن".

ئەمڕۆ شەممە ٢٠-١٢-٢٠٢٥، لە یەکەم کۆبوونەوەى بۆردەکەدا، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان، بە سەرۆکى بۆردەکە و مەریوان کەریم ئاغا، کەسایەتیى کۆمەڵایەتیى دیارى چەمچەماڵ، بە جێگرى دیارى کران.

عەتا محەمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بووژانەوەى چەمچەماڵ، لە کۆنگرەیەى ڕۆژنامەوانیدا پێکهێنانى بۆردەکەى ڕاگەیاند و وتیشى "تا ئەم دەقەیە، هەژمارە بانکییەکەمان ١١ ملیار و ٥٤٥ ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ٢٥٠ دینارى خراوەتە سەر، چاوەڕێین هەندێک بەڕێزى دیکەش کە بەڵێنیان پێ داوین، هاوکارییەکانیان بخەنە سەر هەژمارە بانکییەکە".

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى بۆردى چاودێرى و دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانى چەمچەماڵ ڕایگەیاند "بەیانیى ڕۆژى دووشەممە ٢٢ـى مانگ تا ڕۆژى سێشەممە، هاوکارى بەسەر ماڵە زیانلێکەوتووەکان دابەش دەکرێت، پاشان هاوکارى بۆ شوێنە بازرگانییەکان و ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکان و زیانەکانى دیکە تەرخان دەکرێت".

دەربارەى ئەو کەسانەى کە گیانیان لەدەست داوە، سەرۆکى بۆردەکە وتى "حکومەتى هەرێم بڕیارى داوە کە خانوو بۆ خێزانى ئەو کەسانە بکڕێت کە گیانیان لەدەست داوە". وتیشى "حکومەت سەرجەم خەرجیى چارەسەرى بریندارەکانیشى لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام لەو پارەیەى کە لە هاوکارییەکان دەمێنێتەوە، دەکرێت بە ڕەزامەندیى ئەندامانى بۆردەکە ئێمەش هاوکارییەکیان بکەین".

بۆردەکە دەیەوێت بەر لە کۆتایى ئەمساڵ، کۆتایى بە دابەشکردنى هاوکارییەکان بهێنێت و تا ئەو کاتەش هەژمارە بانکییەکە بۆ ناردنى هاوکارى بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە قەرەبووى زیانەکان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بووژانەوەى چەمچەماڵ "سەرجەم داتا پێویستەکان سەبارەت بە زیانەکان لە ڕێگەى وەزارەتى ناوخۆوە ڕەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە و چاوەڕێ دەکەین فەرمانەکەى محەمەد شیاع سوودانى بۆ قەرەبووکردنەوەکە جێبەجێ بکرێت".

هێشتا دیار نییە ئەو هاوکارییەى کە بە زیانلێکەوتووان دەدرێت، لەسەدا چەندى زیانەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتى "ئەگەر هاوکارییەکە لەسەدا سەدى زیانەکانیش قەرەبوو نەکاتەوە، تا ڕادەیەکى باش ئەرکى سەرشانیان سووک دەکات".