ڕوونكردنەوەیەك لەبارەگای بارزانییەوە لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركووك

04-06-2019 07:30


پەرەگراف


بارەگای بارزانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی پارێزگاری كەركووك بڵاوكردەوەو ئەودەخاتە ڕوو، فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی داوای ئەو پۆستەی نەكردووە، بەڵكو بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون، ئەوەش دوای ئەوەی بارزانی زانیویەتی كۆسرەت ڕەسوڵ داوای لە فەرەیدوون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگار.

ڕوونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی، تەئكیدیش دەكاتەوە دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە جگە لە پارتی و یەكێتی، دەبێت جێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت.

هاوكات باس لەوەش دەكات، دانانی پارێزگاری كەركووك بەپێی ڕێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نەبووەو دەبوو لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا هەنگاوی بۆ بنرێت‌و دەڵێت "دیاریش نییە چۆن ئەو ڕێككەوتنە بەلاڕێدا بردراوە یان خەراپ تێگەییشتن لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە".

ڕوونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی لەبارەی لێدوانەكانی عارف قوربانی نووسەرو ڕۆژنامەنوسە كە دوای سەردانێكی مەسعود بارزانی بۆچوونی ناوبراوی خستە ڕوو لەسەر كێشەی دانانی پارێزگاری كەركووك.

عارف قوربانی بۆ ڕووداو قسەیكردووەو دەڵێت "كاك مەسعود باسی ئەوەیكرد كە كاك فەرەیدوون چووتەلای و گوتوویەتی كاك كۆسرەت و برادەرانی كەركووك ڕایانوایە من بۆ ئەم قۆناخە ببمە پارێزگاری كەركووك، وەڵامی كاك مەسعودیش بەمشێوەیە بووە" من پێموتووە تۆ ڕەفیقی منی، من تۆم خۆشدەوێ و پشتیوانیشتم، بەڵام من ئەم بۆچوونەم بە یەكێتیش وتووە و بەتۆشی دەڵێم بۆ خەڵكی دیكەش هەر ئەم ڕایەم هەیە، كێشەكانی ئێستای كەركووك لەوە گەورەترن بەدانانی پارێزگار چارەسەربكرێن. ڕاستە گرنگە پارێزگار كورد بێت یارمەتیشمان دەدات بۆ ئەوەی لەسەر هەندێ كێشەی دیكەدا زاڵبین. بەڵام لەم قۆناخەدا هەركەسێك بكەینە پارێزگار. هەركەسێكیش بێت، بێ دەسەڵات دەبێت، كە بێ دەسەڵاتیش بێت بەرپرسیاریەتی كەركووك دەخەینەئەستۆی و دەیشكێنین".

بەوتەی قوربانی بارزانی وتوشییەتی "من ڕام وایە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بچنە بەغدا و لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەون كە هەژموونی سەربازی لەسەر كەركووك لابەرن، ڕێككەون لەسەر ئەوەی كە ئەم تەعریبە ڕابگیرێت و دەسەڵاتەكانی پارێزگاری لە كەركووك كارابكرێتەوە بەو مانایەی ئەنجوومەن و پارێزگار بتوانن ڕەوشی كەركووك ئاسایی بكەنەوە. بۆ ئەوەی ژیانی سیاسی و حیزبی بۆ هەموولایەك دەستەبەربكرێت".

لەبارەی وەڵامی فەرەیدوون عەبدولقادر بۆئەو قسانەی بارزانی، عارف قوربانی لەزاری بارزانییەوە دەڵێن "كاك فەرەیدوون گوتی باشە بەس پێمخۆشە خۆیشت لەگەڵ یەكێتی قسەی بكەیت. من فرسەت سۆفیم ڕاسپاردووە بچێتە لای كاك كۆسرەت و قسەی لەگەڵ بكات. فرسەت سۆفی ڕۆیشت و قسەی لەگەڵ كاك كۆسرەت كرد، وەڵامی كاك كۆسرەتیش ئەوە بووە كە كاك فەرەیدوون پیاوێكی تێكۆشەرە، بەرپرسی هەموو ئەو مەكتەب سیاسیەیە كە ئێستا هەین، بەڵام منیش پرسێك بە یەكێتی دەكەم و وەڵامتان دەدەمەوە. دوای ئەوەش كاك كۆسرەت وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە كە ئایا بەو بەربژێرە ڕازییە یان شتێكی دیكە، تاوەكو ئێستا گلەیی لەئێمە بكەن بۆ كەسێك دانەنراوە".

دەقی ڕوونكردنەوەكەی ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی

رۆژی یەكشەممە 2ــی 6ـی 2019 عارف قوربانی نووسەر و رۆژنامەنووس دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی هەبووە و بیروڕا لەسەر بابەتی كەركووك و دانانی پارێزگار و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر ئاڵوگۆڕ كراوە. بەپێی وتەكانی بەڕێز عارف قوربانی خەراپتێگەییشتنێك لەسەر ئەو بابەتانە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە و لە میدیاكانیشدا خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم بابەتانە كراوە. بۆ روونتركردنی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە مەسەلەی پارێزگاری كەركووك و ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر و رەواندنەوەی هەر جۆرە خەراپ حاڵیبوونێك بە ڕای گشتیی كوردستان و گشت لایەك رادەگەیێنین كە:

یەكەم: رێككەوتنێكی زۆر ڕوون لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزاكراوە كە ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێككەوتنی سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ناوی كەسێك ببێتە بنەمای ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگار. ئەمەیش هیچ پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە نەبووە و دیاریش نییە چۆن ئەو ڕێككەوتنە بەلاڕێدا بردراوە یان خەراپ تێگەییشتن لەسەر ئەو ڕێككەوتنە لای برادەرانی یەكێتی دروست بووە.

دووەم: ناوهێنانی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەدوای ئەوە هاتووە كە لە لایەن كاك كۆسرەت ئەو داوایەی لێ كراوە. لەدوای ئەوەی سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت سەرپشك كراون لە دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك بارزانی زانیویەتی كە كاك كۆسرەت داوای لە فەرەیدوون عەبدولقادر كردووە ببێتە پارێزگار، سەرۆك بارزانیش حەزی كردووە كەسێكی نیشتیمانپەروەری وەك فەرەیدوون عەبدولقادر ببێتە پارێزگار و بە پەسەند و شیاوی زانیوە. هەر بۆیەش بەڕێز د. فورسەت سۆفی ڕاسپاردووە كە سەردانی كاك كۆسرەت بكات و ڕەزامەندیی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەو ناوەی پێ ڕابگەیێنێت. بەم جۆرە سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت ڕەزامەند بوونە لەسەر ناوی بەڕێز فەرەیدوون. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە بەڕێز فەرەیدوون داوای ئەو پۆستەی نەكردووە بەڵكو ئەوە كاك كۆسرەت و سەرۆك بارزانی بوونە كە لەسەر دانانی ئەو ڕێككەوتوون. بەڕێز فەریدوون عەبدولقادریش گوتویەتی نایەكەم چونكە ئەركێكی زەحمەتە بەڵام ئەگەر هاتنی من ببێتە هۆی خزمەتی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەكان مانعم نییە.

سێیەم: بەهۆی بارودۆخی نائاسایی كەركووك و پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك پێویستە پارێزگارێكی بەهێز دابنرێت كە جگە لە پارتی و یەكێتی، جێی ڕەزامەندیی لایەنەكان و كورد و توركمان و عەرەب و پێكهاتەكان بێت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا هەبێت. چونكە ئەوەی ببێتە پارێزگار و دەستەڵاتی پێویستی نەبێت و ڕەزامەندی لایەنەكانی لەسەر نەبێت، ناتوانێ خزمەتی خەڵكی كەركووك بكات و دۆخی كەركووكیش ئاسایی بكاتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی

4ـی 6ـی 2019