پەرەگراف - مامۆستایانی سەربەخۆ و لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەنجوومەنێكیان لەژێر ناوی (ئەنجوومەنی داكۆكیكار لە مافی مامۆستایان) ڕاگەیاند. داوای دابەشكردنی سێ مووچە نەدراوەكەی ئەمساڵ و دەستپێكردنەوەی سەرەمووچە و پلەبەرزكردنەوە لە ساڵی نوێدا دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025، مامۆستایانی ڕەوتی هەڵوێست، مامۆستایانی كۆمەڵی دادگەری، ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی مامۆستایانی یەكگرتوو و مامۆستایانی سەربەخۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر پاش ڕاگەیاندنی ئەوجوومەنەكە، وتیان "دەرگامان كراوە بە ڕووی هەموو ڕێكخراو و لایەنێك بۆ هاودەنگی و هاوهەڵوێستی لەپێناو مافەكانی مامۆستایان و مووچەخۆران".
لە یەكەم ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەكەدا ژمارەیەك داواكاری خرانە ڕوو، لە یەكەم خاڵدا هاتووە "دەسەڵاتداران و پەرلەمانتارانی عێراق هەوڵی جیددی بدەن، تا مووچەی مانگەكانی 11 و 12 بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت".
هەروەها دەڵێن "لە ساڵی نوێوە سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان دەست پێ بكاتەوە كە بەشێوازێكی نایاسایی چەند ساڵێكە ڕاگیراوە، لە كاتێكدا بۆ بەشێك لە وەزارەتەكان ڕانەگیراوە و ئەم جیاكارییە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كراوە".
"هەموو ڕێگەیەكی مەدەنی و یاسایی دەگرینە بەر بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی مامۆستایان. داوا لە سەركردایەتیی حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات و پەرلەمانتاران دەكەین هاوكارمان بن"، ئەنجوومەنی داكۆكیكار لە مافەكانی مامۆستایان وا دەڵێت.
سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی سێ مووچەی كۆتایی ئەمساڵ كە حكومەتی هەرێم دەڵێت لە ئەستۆی بەغدادایە، ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ 120 ملیار دیناریی داهاتی ناوخۆی بۆ ئەم سێ مانگەی كە ماوە بناردایە، ئێمە ئێستا گلەیمان لێ نەدەكرد، كە نەیناردووە، پاساوی داوەتە دەستی بەغداد بۆ نەناردنی دوو مووچەی كۆتایی".