مەكتەبی سیاسی یەكێتی: دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم

23-12-2025 06:26

پەرەگراف- مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوەو دەڵێت: دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەباشان، كۆبووەوە، بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد.

‎كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.

‎هەروەك، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.

‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

23/12/2025