پێنج ڕۆژ لەبەردەم سوننەکاندا ماوەو هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێکنەکەوتوون

24-12-2025 12:50

پەرەگراف- ٢٩ی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و دەبێت لەو دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەکانەو لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی سوننەکان کە شەوی ڕابردوو ئەنجامدرا، ڕێکنەکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی سوننەکان دەڵێت "گفتوگۆی چڕ کرا و چەند میکانیزمێکی گونجاو پێشنیاز کران کە دەبنەهۆی ئاسانکاری بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. رێککەوتن کرا لەسەر خوێندنەوە و تاوتوێکردنی زیاتری ئەم میکانیزمانە لە چەند رۆژی داهاتوودا، تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت."

هەریەک لە موسەننا سامەڕائی لە هاوپەیمانیی عەزم و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، چاویان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانە.

هاوکات ئەنجومەنی دادوەریی عێراق جەخت لە پابەندبوون بە ماوە دەستورییەکان دەکات بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕ ڕایگەیاند، گرنگە رێز لە دەقە دەستورییەكان بگیرێت و بەوشێوەیە جێبەجێ بكرێن كە لە دەستوردا هاتووە، "لە ماددەكانی (54 و55)ی دەستوردا بەڕوونی دیاریكراوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێدا دەبێت".

"هەر لێكدانەوەیەك بەپێچەوانەی ئەمە، سەرپێچیكردنێكی روونی دەستورەو دەرگای سەرپێچی تر دەكاتەوە، رێگر دەبێت لە پێكهێنانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن لەچوارچێوەی وادە دەستورییەكاندا" سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وادەڵێت.

لە وێنەیەكی هێڵكاریدا كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێشتر بڵاوی كردەوە، پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ماوەی 30 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و ‏جێگرەكانیەوە دەست پێ‌ دەكات، پێویستە سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت.

هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ‏ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ‌ دەكات، كاندیدی ‏سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت.

هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە. كە كاندیدی ‏سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ‏ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.‏

بەپێی ئەوەی ماددەكانی دەستوور دیاریی كردوون، دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا، ‏سەرجەم ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و حكومەتی نوێ‌ دەستبەكار بێت، دەشكرێت بە كەمتر ‏لەو ماوەیە بكرێت.‏