وەزیری پێشمەرگە داوای فراوانکردنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات

24-12-2025 02:43

پەرەگراف- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم داوای فراوانترکردنی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات لە ساڵی نوێدا.

ئەو داوایە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگەدا بووە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک، بەرپرسی گروپی سەربازی ئەمەریکا لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆڵۆنێل پایلویک بە گرنگییەوە باسی لە ئامادەسازییەکان کردووە بۆ ساڵی نوێ و بەرنامەی کاری پێکەوەیی و بەڵێنی پشتیوانی و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە.

نۆ ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

لێكتێگەشتنی فەرمیی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژوو كراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكی تر نوێ كرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكووڕييه‌كانى پێشمه‌رگەیە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه.