شیعەکان گڵۆپی سەوز بۆ کاندیدی یەکێتی هەڵدەکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار

29-12-2025 01:25

پەرەگراف- چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان گڵۆپی سەوز بۆ کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی هەڵدەکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە ئەگەری نەگەیشتنەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ بافڵ تاڵەبانی هەڵکردووە کە دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق".

سەرچاوەکە وتیشی "شیعەکان بە پارتی دیموکراتیان وتووە کە باشترە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەون، بە پێچەوانەوە دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەن، بە ڕوونی بە پارتییان گوتوە کە دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی هەبێت ناکرێت لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران و وەزارەتە گرنگەکان بۆ پارتی بێت و لە بەغدادیش سەرۆککۆمار نەدرێت بە یەکێتی".

ئەوە لەکاتێکدایە پارتی سازش لەسەر هیچ پۆستێکی خۆی ناکات لە هەرێمی کوردستان و لە بەغدادیش کاندیدی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەیەو ئەمڕۆ هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە پرسی پۆستی سەرۆککۆماردا داوای کۆدەنگی لایەنە کوردییەکان دەکات و دەڵێت کاندیدی سەرۆککۆمار مەرج نییە پارتی یان یەکێتی بێت.

هەرلەسەر هەمان پرس، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوەو چەند میکانیزمێکی خستووەتەڕوو بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار.

بارزانی دەڵێت "لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت".

"میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق." سەرۆکی پارتی وادەڵێت.