عەبدوڵا ئۆجەلان پشتگیریی لە ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات

30-12-2025 01:18

پەرەگراف- عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پشتگیری لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات و داوای ئاسانکاریی لە تورکیا دەکات بۆ جێبەجێ کردنی.

ئۆجەلان لە پەیامێکدا بە بۆنەی سەری ساڵەوە دەڵێت "لە نێوان قەسەدە و بەڕێوەبەری دیمەشقدا ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار واژۆ کراوە. لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا ئەو داواکارییانەی کە دەهێندرێتە بەرباس، مۆدێلێكی سیاسیی دیموکراتیکە کە هەموو گەل یان نەتەوە پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم نزیکایەتییە، دەتوانێت بە بەڕێوەبەریی ناوەندییدا دانوستان بکات و زەمینەیەکی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەخۆ بگرێت. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێ لە بەردەم پرۆسەکە دەکاتەوە و پێشی دەخات".

"زۆر گرنگە کە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ئاسانکەر، بونیاتنەر بگێرێت و ڕێگە بۆ گفتگۆ بکاتەوە. ئەمە هەم بۆ ئاشتیی ناوچەیی و هەم بۆ بەهێزکردنی ئاشتی ناوخۆیی زۆر گرنگە" ئۆجەلان وادەڵێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان جەخت لە ئاشتیی و چارەسەری کێشەکان بە ڕێگەی دیموکراتی دەکات، "مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ، زۆرداری، ئینکار و لەناوبردن…. مێژووی “شۆڕشی نەرێنی”ـیەکانە، لە بەرامبەر ئەمەشدا پێشنیارمان “شۆڕشی ئەرێنی”ـیە. یان سەرلەنوێ بونیادنانی کۆمەڵگەیە بە شێوازی دیموکراتیک، ئاشییانە و ئەخلاقییە. ئەو ئاشتییەی کە ئێمە پێداگریی لێدەکەین ئەنجام نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە دەستپێکێکی نوێ. تێکۆشانی ماف، حقوق و دیموکراتیکبوون کە لەناو ئاشتییدا بەڕێوەدەبرێت، کینە، دژبەری و توڕەیی ناهێڵێت و دەرگای ژیانێکی نوێ بۆ هەر کەسێک دەکاتەوە".

١٠ی ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد.

بەپێی ڕێککەوتنەکە؛ مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو دەبێت و کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی سوریایەو سەرجەم مافەکانی پارێزراو دەبێت بەپێی دەستور، هەروەها هەسەدە بەشێک دەبێت لە دامەزراوەکانی سوریاو جەخت لە یەکپارچەیی وڵات و دژی دابەشکاریی دەبن.

دەقی ڕێککەوتنەکە

لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوەی کە لەنێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی لە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، ڕێکەوتن لەسەر ئەم خاڵانە کرا:

١. دڵنیابوون لە مافی هەموو سوورییەکان بۆ بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی کارامەیی، بێ گوێدانە پشتگیری ئایینی و ڕەگەزییان.

٢. کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن و بنەڕەتییە لە دەوڵەتی سووریا، و دەوڵەتی سووریا مافی دانیشتوانی و هەموو مافە دەستوورییەکانیان دڵنیادەکاتەوە.

٣. وەستاندنی هەموو جۆرەکانی شەڕ لەسەر هەموو خاکی سووریا.

٤. یەکخستنی هەموو دامەزراوە شارستانییەکان و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەری دەوڵەتی سووریا، لەوانەش سنوورەکان، فڕۆکەخانەکان و کانیاوی نەوت و گاز.

٥. دڵنیابوون لە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەبووە سوورییەکان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان و دڵنیابوون لە پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سووریا.

٦. پشتگیریکردنی دەوڵەتی سووریا لە ململانێکردن لەگەڵ پاشماوەکانی دەسەڵاتی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی تر کە مەترسی بۆ سەلامەتی و یەکپارچەیی دەوڵەت درووستدەکەن.

٧. ڕەتکردنەوەی بانگەشەی دابەشکردن و وتارەکانی ڕقوکینە و هەوڵەکان بۆ خراپکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا.

٨. لیژنە جێبەجێکارەکان کاردەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەرلە گەیشتن بە کۆتایی ساڵ.