پەرەگراف - مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات، پەیامێکی لەبارەی کشانەوەی شاخەوان عەبدوڵا لە کێبڕکێی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بڵاوکردەوەو دەڵێت: "پێزانینێكی زۆرم بۆ د. شاخەوان عەبدوڵڵا هەیە لە ماوەی ڕابردوو لە كاری پەرلەمانی و حزبیی خۆیدا ڕۆڵێكی كارا و ماندووبوونێكی زۆری بینیوە. دەستخۆشیی لێ دەكەم كە ئەرك و كارەكانی بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە ئەنجام داوە، هەمیشە بە باشی پابەندی ڕێكارەكان و دیسپلینی حزبی بووە و جێگەی متمانە بووە".
"بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست کە دکتۆر شاخەوان لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بکشێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەش لەوە دڵنیام د. شاخەوان ڕۆڵەیەكی ئازا و شایستەی ئەو میللەتەیە، لە هەر شوێنێك و هەر پلەیەكدا بێت، كوڕی پارتیە و ئەرك و كاری خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەكات و جێی متمانەی ئێمەیە" بارزانی وادەڵێت.
پەیامەکەی بارزانی دوای ئەوەدێت کە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو کە پشکی کورد بوو. تێیدا شاخەوان عەبدوڵا کشایەوەو فەرهاد ئەترووشی، بەربژێری پارتی، دەرچوو.
لە دوو گەڕی پێشوودا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، هیچ بەربژێرێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت کە نیوە + یەکی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (166 دەنگ) بوو، بەڵام د. ڕێبوار کەریم، کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست، بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتییەوە بوو.
کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ هەڵگیرا و ئێوارەی ئەمڕۆیش پاش ئەوەی دانیشتنەکە ڕێژەی یاسایی تەواو نەکرد، پارتی بەربژێرەکەی خۆی گۆڕی و لەگەڵ یەکێتی و لایەنە شیعەکان ڕێککەوت بۆ مسۆگەرکردنی دەرچوونی.