پەرەگراف- ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو کۆتا وادەیەی بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە پشکی کوردە، تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنە کوردییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی نەهاتووەتە ئاراوە لەسەر ناوێکی هاوبەش، ئەگەر بەم پەرتەوازەییە بمێننەوە کورد زیاتر لە کاندیدێکی دەبێت.
سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکرات بە پەرەگرافی وت، پێش وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی سەرۆککۆمار، پارتی کۆبوونەوەی ناوخۆیی دەبێت و ئەگەر یەکێتی پێشنیاری ناوێکی بێلایەن پەسەند نەکات بۆ پۆستەکە، "پارتی کاندیدی دەبێت".
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بۆ پەرەگراف جەختی کردەوە کە ئەو پۆستە بە پشک و بەرکەوتەی خۆیان دەزانن و سازشی لەسەر ناکەن، لەبارەی کاندیدی یەکێتی، سەرچاوەکە وتی "چەند ناوێک هەن و هێشتا هیچیان یەکلایی نەکراونەتەوەو مەکتەبی سیاسی لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ ئەو پرسە کۆدەبێتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردە ناکۆک بوون و بەوهۆیەوە هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە سێ گەڕی بەخۆیەوە بینی و لە گەڕی یەکەم و دووەمدا یەکێتی دەنگی بە کاندیدی پارتی نەداو ڕکابەرەکەی دەنگی زیاتری هێنا، بەڵام لە گەڕی سێیەمدا دوای ئەوەی پارتی ناچار کرا کاندیدەکەی بگۆڕێت، یەکێتی دەنگی پێداو بەسەر ڕکابەرەکەیدا سەرکەوت و پۆستەکە بۆ پارتی یەکلا بووەوە.
دوێنێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کرایەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ئەو ٣ ڕۆژەیەو سبەینێ پشووی سەری ساڵەو دواتریش هەینی و شەممە پشووەو دووشەممەی داهاتوو ٥-١ کە وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە دواین ڕۆژی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی سەرۆککۆمارە.
بەپێی یاسا کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستە چەند مەرجێکی تێدابێت، ئەوانەش؛ لە عێراق لە دایکبووبیت و باوک و دایکی عێراقی بن، شایستەیی تەواوی هەبێت وتەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت، ناو و ناوبانگی باش بێت ودەستپاک و دادپەروەر و دلسۆزبێت بۆ وڵات، ئاستی خویندەواریی لانی کەم بڕوانامەی زانکۆیی بەکالۆریۆسی لە زانکۆیەکی دانپێدانراو بەدەست هێنابێت، نابیت بە تاوانێکی لەکەدارکردنی شەرەف سزا درابێت و نابێت ڕیکارەکانی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری بیگرێتەوە.
پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە دوێنێ کۆتایی هات، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت.
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.