پەرەگراف - سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێدا، ڕایدەگەیەنێت "بەمەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە". دەشڵێت "پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هیوا دەخوازێت "لە ماوەیەكی نزیكدا" كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنرێت، ساڵی 2025یش بە ساڵی "چەندان دەستكەوت و پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی" و هاوكات بە "ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكان" ناو دەبات.
مەسروور بارزانی یەبارەت بە كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵیش دەڵێت "ئومێدەوارین لە ئایندەیەكی نزیكدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێك بهێنرێت".
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم كوردستانییان دەكەم و هیوای ساڵێكی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستكەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە هەمانكاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكانیش بوو.
بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆڕاگریی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بە تایبەتیش دابینكردنی كارەبای بەردەوام و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشتركردنی ژێرخانی دارایی و بانكی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان.
هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەكی نزیكدا، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، كە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كراوە.
پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك.
هەروەها ئومێدەوارین كابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەكی نزیكدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێكبهێنرێت.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
31 كانوونی یەكەمی 2025