نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانى: با لاپەڕەیەكی نوێ‌ هەڵبدەینەوە

31-12-2025 07:14

پەرەگراف - هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێدا داوای "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌ و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد" دەكەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هێزمان لە یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان و پێكەوەكاركردندایە، كە تاكە گەرەنتیی پاراستنی دەستكەوتەكانمان و مسۆگەركردنی مافە دەستوورییەكانمانە".

قوبان تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "بە یەكڕیزی و یەكگوتاری، باشتر دەتوانرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت و داكۆكی لە ماف و داواكارییە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت".

پەیامی نێچیرڤان بارزانی

ساڵی نوێی زایینی (٢٠٢٦)، بە گەرمی لە كوردستانییانی خۆشەویست بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، هێزە ئەمنییەكان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پیرۆز دەكەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهاتنی هیواكان، كۆتاییهاتنی قەیرانەكان و كردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.

با هاتنی ساڵی نوێ بكەینە دەرفەتێك بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ كە تیایدا ناكۆكییەكان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەكڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان و پێكەوەكاركردندایە كە تاكە گەرەنتیی پاراستنی دەستكەوتەكانمان و مسۆگەركردنی مافە دەستوورییەكانمانە.

لەسەر ئاستی عێراقیش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێكگەیشتن. وەك هەمیشە فاكتەر‌ی ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكەدا و لە هەر كوێی جیهان بێت بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ئاشتی دەكات.

كوردستانییانی خۆشەویست

با بە ئومێد و گەشبینییەوە لە داهاتوو بڕوانین. دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گەلی كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر.
ساڵی نوێ لە هەمووتان پیرۆز بێت،

پەیامی قوباد تاڵەبانی

هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی لە هەموو لایەك پیرۆزبێت.

هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێكی پڕ لە خۆشی و دەستكەوت بێت بۆ خەڵكی كوردستان و هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانتركردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەكەمان لە هەموو روویەكەوە.

پێویستە هەموو لایەك بە وانەوەرگرتن لە ناتەبایی و ناكۆكییەكانی ساڵانی رابردوو كە زیانی بە پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان گەیاندووە، لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە و لە جیاتی چەقبەستن لە ناكۆكییەكانی رابردوو، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە كاربكرێت بۆ دروستكردنەوەی متمانە و رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی. چونكە بە یەكڕیزی و یەكگوتاری باشتر دەتوانرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت و داكۆكی لە ماف و داواكارییە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت.