پەیامێکی تووند و ڕاشکاو لە نێردەی تایبەتی ترەمپەوە بۆ عێراق؛ ١٨ دۆسیەی دیاری کردووەو دەڵێت: کۆتاییان پێدەهێنین

01-01-2026 10:57

پەرەگراف- مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە ئاڕاستەی خەڵکی عێراق کردو ٢٠٢٦ بە ساڵی وەرچەرخان و یەکلاییکەرەوە ناودەبات بۆ کۆتاییهێنان ١٨ پرسی پەیوەندیدارە بە گەندەڵی و چەکی دەستی میلیشیاکان و ناسەقامگیری و دەستوەردانی دەرەکیی.

ساڤایا بە گەشبینییەوە بەڵێنی بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەدات لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشترو سەقامگیریی زیاتر و داهاتوویەکی گەش.

نێردەی تایبەتی ترەمپ دەڵێت، هەوڵەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەسەر ئەوە چڕ دەبنەوە کە ئەم ساڵە ببێتە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیران و تەحەددییە درێژخایەنانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، بۆ ئەوەش ١٨ خاڵی دیاری کردووە کە دەبێت کۆتاییان پێبێت لەوانەش؛ ناسەقامگیری، چەکی لەدەستدەرچوو، میلیشیا، گرژیی نێوخۆیی، دەستوەردانی دەرەکی و گەندەڵی.

ساڤایا ئاماژە بەوەش دەکات، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابووری و داراییەکان لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکان دەبێت، لەوانە؛ بردنی سامانی وڵات، بەقاچاخبردن، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستی وەهمی، پارەبردن، فێڵکردن لە یاسا کە ئەمانە زیانی گەورەیان بە عێراق گەیاندووەو متمانەی خەڵکیان لاواز کردووە.

لەگەڵ ئەوانەشدا نێردەکەی ترەمپ، جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی تەحەددییە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوەو لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ بۆ باشترکردن و چارەسەرکردنی؛ کەمیی خزمەتگوزاری، بێکاری، دواکەوتوویی، هەژاری، نایەکسانی و ستەم بدرێت.

لە هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆشدا بۆ ئەوانەی تێوەگلاون لە گەندەڵی، ساڤایا دەڵێت "کاتی ئێوە کۆتایی هات، کاتی عێراق و گەلی عێراق دەستی پێکرد".