جیاوازیی بەهای 100 دۆلاریی شین و سپی گەیشتە پێنج هەزار دینار؛ هۆكار و چارەسەر چییە؟

02-01-2026 08:26

پەرەگراف - جیاوازیی بەهای 100 دۆلاریی شین و سپی گەیشتە پێنج هەزار دینار. هەڵكشانی جیاوازییەكە كێشەی خستووەتە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی كوردستان، كاسبكار و هاووڵاتیان لە زەرەردان. سەرچاوەیەكی باڵای پەیوەندیدار دەڵێت "بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین".

ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بڕیاری گۆڕانكاریی لەو چارەسەردا داوە كە پێشتر بۆ ئەم كێشەیە داینابوو. بەپێی ڕێكارێكی پێشوو، لە هەر 10 هەزار دۆلارێكدا، سێ هەزاری دۆلاری سپی دەبێت (لە دەفتەرێكدا 30 گەڵا)، بەڵام ئەنجوومەنەكە بڕیاری داوە مامەڵەكردن بە دۆلاری سپییەوە بۆ دوو هەزار دۆلار لە 10 هەزار دۆلاردا (20 گەڵا لە دەفتەرێكدا) كەم بكاتەوە.

ڕێکارە نوێیەکەى ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی کە چاوەڕوان دەکرێت لە هەولێر و دهۆکیش هەمان گۆڕانکارى بکرێت، ڕەنگە بۆ سەقامگیرى لە مامەڵەى دراو لە بازاڕى دۆلارەکە گرنگ بێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت جیاوازیى بەهاى نێوان ئەو دوو جۆرەى دۆلار زیاتر بکات.

پەرەگراف بەدواداچوونی وردی بۆ هۆكار و چارەسەركانی كێشەی جیاوازیی بەهای دۆلاری شین و سپی كردووە. ئەو چارەسەرەی لە ماوەی پێشوودا كاری پێ كراوە، ئێستا ناتوانێت كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات. بانكە ئەهلییەكان بە وەرنەگرتنی دۆلاری سپی و سەرچاوەیەكی سەرەكیی كێشەكە تۆمەتبار دەكرێن. باسیش لە هاتنی دۆلاری سپی لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ ناو هەرێم دەكرێت. حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراق بە بەرپرسیار ناو دەبرێن لە سەپاندنی مەرج و ڕێكاری پێویست بۆ چارەسەر.

ماوەی چەند هەفتەیەكە جیاوازیی نێوان بەهای دۆلاری چاپی كۆن كە بە (دۆلاری سپی) ناو دەبرێت و دۆلاری چاپی نوێ كە بە (دۆلاری شین) ناو دەبرێت، لە زیادبوونی بەردەوامدایە، بەپێی نوێترین بەدواداچوونی پەرەگراف، جیاوازییەكە لە هەندێك شوێن گەیشتووەتە پێنج هەزار دینار، بە جۆرێك بەهای 100 دۆلاری شین 144 هەزار و 100 دۆلاری سپی 139 هەزار دینارە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "چارەسەری ئەم بابەتە لە ئەستۆی بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراقدایە". وەكو ئەو دەڵێت "بەشێكی زۆر لە بانكە ئەهلییەكان دۆلارە سپییەكە وەرناگرن. كۆمپانیا و بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوی بەغدادیش یان وەری ناگرن، یان بە جیاوازییەكی زۆر وەری دەگرن".

جەبار گۆران دەڵێت "چارەسەر ئەوەیە بانكی ناوەندی، بانكە ئەهلییەكان ناچار بكات بە وەرگرتنی دۆلاری سپی، ئەم بابەتەش لەناو بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو ڕێكبخرێتەوە".

ئەم جیاوازییەی نێوان دۆلاری شین و سپی كەمتر لە ساڵێكە سەری هەڵداوە، سەرەتا لە 100 دۆلاردا كەمتر لە 500 دینار جیاوازییان هەبوو، بەڵام لە مانگی كۆتایی 2025دا جیاوازییەكە ڕووی لە هەڵكشانێكی نائاسایی كرد و ئێستا گەیشتووەتە پێنج هەزار دینار، هۆكاری جیاوازیش بۆ ئەم بابەتە دەخرێتە ڕوو.

هۆكارێكی ئەم كێشەیە زۆربوونی دۆلاری سپییە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان. پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكە بەدواداچوونی كردووە، دەوترێت "بەغداد و ئێران و تەنانەت توركیاش، سەرچاوەی هاتنی دۆلاری سپین بۆ هەرێمی كوردستان". بە قسەی ئەو سەرچاوانە "لەو سێ شوێنە جیاوازی لەنێوان بەهای دۆلاری شین و سپیدا هەیە و دۆلاری شین وەردەگرن، دۆلاری سپیش لەوێوە دەهێنرێتە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراوە هەرێم".

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی دەڵێت "ئەگەر ئەو جیاوازییە لە سلێمانی نەبێت، هەرچی دۆلاری سپییە دەهێنرێتە ئێرە و هەرچی دۆلاری شینە دەیبەنە دەرەوە، ئەوەش خەڵك تووشی زەرەر دەكات. بەڵام ئەم جیاوازییە زۆرە كێشەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت".

هەندێك لە هاووڵاتیان و كاسبكار و بازرگانانی بچووك كە دۆلاری سپییان پاشەكەوت كردووە، ئێستا لە زەرەردان، مەترسی هەیە جیاوازییەكە لەمەی ئێستاش زیاتر بێت، ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت.

لە مانگی ئەیلوولی 2025دا كە هێشتا جیاوازیی بەهای 100 دۆلاریی شین و سپی كەمتر لە 500 دینار بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك ئەو جیاوازییە كەمەشی قەدەغە كرد، بەڵام ئەو بڕیارەش نەیتوانی كێشەكە چارەسەر بكات.

سەرچاوەیەك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە پەرەگرافی وت "ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە مامەڵەی بازاڕدا بكەین، ئەم بابەتە پەیوەستە بە خواست و خستنە ڕوو و دەزگا ئەمنییەكان ڕێز لە یاساكانی بازاڕی ئازاد دەگرن، ڕێكخستنی بەهای دراو و ئەو پرسە داراییانە پەیوەندیی بە بانكی ناوەندییەوە هەیە".

ئەو سەرچاوەی دەزگای ئاسایش وتیشی "ئەگەر نووسینگەیەك یاخود ناوەندێك ئامادە نەبێت بە هیچ شێوەیەك چاپی كۆنی دراوی ئەمریكی وەبگرێت، ئەو كاتە ئاسایشی ئابووری دەچێتە ناو بابەتەكەوە لە دژی نووسینگەكە".

"لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەم بابەتە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی بازاڕ دەبێت، بۆیە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین بۆی"، سەرچاوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم وای وت.

ئەو دوو دۆلارەی ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش هەیە، لە هیچ وڵاتێكی دیكەدا نییە.

ئیسماعیل محەمەد كە یەكێكە لە خاوەنی نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی، بۆ پەڕەگراف دەڵێت "بانكی ناوەندیی عێراق و خودی وڵاتی ئەمریكاش جیاوازی لەنێوان چاپی كۆن و نوێی دراوەكەی ناكات، بەڵام بانكە ئەهلییەكان ئامادە نین دراوی چاپی كۆن وەربگرن و ئەمەش گرفتەكەی دروست كردووە".

ئیسماعیل محەمەد وتیشی "بانكە ئەهلییەكانی هەرێم نەك دراوی چاپی كۆنی ئەمریكی وەرناگرن، بەڵكو پێنج هەزارییش بە پاساوی جیاجیا وەرناگرن و تەنیا دراوی 50 هەزاری لە هاووڵاتیان و بازرگانان وەردەگرن".