کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر کات لەبەردەم پارتی و یەکێتی ماوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار

03-01-2026 09:58

پەرەگراف- سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژی ٥-١-٢٠٢٥ دواین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.

بەوەش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر کات لەبەردەم پارتی و یەکێتی ماوە بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە، لەگەڵئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا نییە بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، هاوکات هێشتا هیچکام لەو دوو حیزبە کاندیدی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

بەپێی یاسا کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستە چەند مەرجێکی تێدابێت، ئەوانەش؛ لە عێراق لە دایکبووبیت و باوک و دایکی عێراقی بن، شایستەیی تەواوی هەبێت وتەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت، ناو و ناوبانگی باش بێت ودەستپاک و دادپەروەر و دلسۆزبێت بۆ وڵات، ئاستی خویندەواریی لانی کەم بڕوانامەی زانکۆیی بەکالۆریۆسی لە زانکۆیەکی دانپێدانراو بەدەست هێنابێت، نابیت بە تاوانێکی لەکەدارکردنی شەرەف سزا درابێت و نابێت ڕیکارەکانی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری بیگرێتەوە.

پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە ٢٩-١٢-٢٠٢٥ کۆتایی هات، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت.

هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ‏ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ‌ دەكات، كاندیدی ‏سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت.

هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە كە كاندیدی ‏سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ‏ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.‏