پەرەگراف- تائێستا زیاتر لە 40 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە، بەڵام هیچیان کاندیدی پارتی و یەکێتی نین و ئەو دو حیزبە هێشتا کاندیدی فەرمیی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
سبەینێ تا کۆتایی دەوامی فەرمی کات ماوە بۆ خۆکاندیدکردن، هەرچەندە پۆستی سەرۆککۆمار وەک نەریتێکی سیاسی پشکی کوردەو لەناو کوردیشدا یەکێتی بە پشکی خۆی دەزانێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف بەشێک لەوانەی خۆیان کاندید کردووە عەرەبن، بەشێکیشیان پێشووتر پارتی یاخود یەکێتی بوون، تێیشیاندایە بێلایەنە، بەڵام چانسی سەرجەمیان لاوازە بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە.
بەپێی یاسا کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستە چەند مەرجێکی تێدابێت، ئەوانەش؛ لە عێراق لە دایکبووبیت و باوک و دایکی عێراقی بن، شایستەیی تەواوی هەبێت وتەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت، ناو و ناوبانگی باش بێت ودەستپاک و دادپەروەر و دلسۆزبێت بۆ وڵات، ئاستی خویندەواریی لانی کەم بڕوانامەی زانکۆیی بەکالۆریۆسی لە زانکۆیەکی دانپێدانراو بەدەست هێنابێت، نابیت بە تاوانێکی لەکەدارکردنی شەرەف سزا درابێت و نابێت ڕیکارەکانی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری بیگرێتەوە.
پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە ٢٩-١٢-٢٠٢٥ کۆتایی هات، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت.
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.