بەفر و باران زیان بە دەیان كێڵگەی پەلەوەر دەگەیەنێت لە دهۆك

05-01-2026 11:58

پەرەگراف- بارینی بڕێکی زۆر بەفرو خراپی ڕێگاوبان و درەنگ خاوێنكردنەوەی شەقامەکان زیان بە دەیان كێڵگەی پەلەوەر دەگەیەنێت لە سنوری ناحیەی مانگێش لە دهۆك.

نەوزاد عەبدوڵا، خاوەنی یەكێك لە كێڵگەكانی پەلەوەر لە مانگێش بە پەرەگرافی وت "بەفربارینی ئەم جارە زیانێكی زۆر گەیاند بە خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر، سەقفی یەكێك لە هۆڵی كێڵگەیەكی من كەوتووەتەخوارەوەو بەتەواوی وێران بووە، زیانەكەی زیاتر لە ٦٠ هەزار دۆلارە(٦ دەفتەر)، دەیان كەسی تری وەك من زیانیان بەركەوتووە".

لەسنوری ناحیەی مانگێش نزیكەی 100 كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەن، شوێنەكە گونجاوە بۆ بەخێوكردنی مریشك هاوكات داهاتی سەدان خێزانی ئەو سنورە لەسەر ئەو كێڵگانەیە.

نەوزاد عەبدوڵلا داواكات حكومەت ڕێگاوبانەکانیان بۆ باشتر بکات و لەکاتی بەفربارین زوو بەهانایانەوە بچێت تا زیانەکانیان کەمتر بن.

"ڕاستە ئەمە روداوێكی سروشتی بوو، بەڵام دەكرا تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر زووتر رێگاکەیان خاوێن کردبایەتەوە، پێویستە لەم كاتانەدا حكومەت تیمەكانی ڕامالینی بەفر زیاد بكات ئەو كات بەدڵنیایی قەبارەی زیانەكان بەم شێوەیە نەدەبوون".

بەهۆی ئەو سەرماو بەفرەی ناوچەکەی گرتووەتەوەو تێکچوونی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر، خاوەنەکانیان ناچارن بە نیوەی نرخ ئەو مریشکانە بفرۆشن کە ماویانن.

ڕەشید ئیبراهیم، لە یەكێك لە كێڵگەكانی گوندی مەجلمەختێ‌ لە سنوری ناحیەی مانگێش كاردەكات بە پەرەگرافی وت "ئەو كێڵگەیەی من ئیشی تێدا دەكەم زیاتر لە 15 ملیۆن دینار زیانی بەركەوتووە، هەروەها ئەو مریشكانەی كە ماون بەهۆی بەفر و سەرماوە نەخۆش كەوتوون و لە بازاڕدا ساغ ناكرێنەوە، بە ناچارییەوە هەرزان فرۆشیان دەكەین".

"چەندین ساڵە خاوەن پرۆژەكانی پەلەوەر زیانیان پێ‌ دەگات، هەموو جارێك لیژنەكان سەرەدانی كێڵەگان دەكەن تاوەكو قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام قەرەبووكردنەوەیان بەپێی پێویست نیە، جگە لەمەش دەیان ساڵە داوا دەكەین ئەو ڕێگایانەی بۆ كێڵگەكان دەچن کە تائێستا خۆڵە قیرتاو بکرێن" ڕەشید وای وت.

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مانگێش دەستیان بە وەرگرتنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانە كردووە كە بەهۆی بەفرو باران زیانیان پێگەیشتووە، بڕیارە دواتر لیژنەكانی پەیوەست بە نوسینی ڕاپۆرتی زیانەكان بە مەیدانی سەردانی ئەو شوێنانە بكەن كە زیانیان بەركەوتووە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان.