یەكێتی بە مەرج بەشداریی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەكات

06-06-2019 01:52

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پرسی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە و وتەبێژی حیزبەكەش دەڵێت: نیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەمان لەلایەن پارتییەوە ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە.

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی بەشداریكردنی یەكێتی لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

پاش كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی حیزبەكەی، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی، ڕایگەیاند "هێشتا كاتێكی زۆرمان بەدەستەوەیە كە ئاخۆ یەكێتی بەشداریی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەكات یاخود نا".

لەتیف شێخ عومەر بەشداریكردنی حیزبەكەی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا، بەستووەتەوە بە نیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەلایەن پارتییەوە و دەڵێت "ئەوە پرسەكە یەكلادەكاتەوە".

لەبارەی بەشداریكردنی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییە، لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا، وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوە كردووە "د. بەرهەم خۆی ئازادە لە بەشداریكردن یان نەكردنی لەو مەراسیمەدا".

پۆستی پارێزگاری كەركووك كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان پارتی و یەكێتییە. یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە لەلایەن هەردوو حیزبەوە بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێر گشتیی یەكێتی سپێردراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە یەكلانەبوونەتەوە و لەبارەی ڕێككەوتنیشیان لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو لێدوانی دژ بە یەك دەدەن.

لە ماوەی ڕابردوودا كاندیدكردنی فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەلایەن بەرپرسانی هەردوو حیزبەوە قسەی جیاوازی لەبارەوە كراوە. كۆسرەت ڕەسووڵ لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا ڕەتیكردەوە لەگەڵ بارزانی لەسەر دانانی فەریدوون عەبدولقادر گەیشتبنە ڕێككەوتن و وتی "لەگەڵ بارزانی باسی هیچ ناوێكمان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك نەكردووە". دواتریش بارەگای بارزانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا وتی "بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ ڕەزامەند بوون لەسەر ناوی فەرەیدوون عەبدوولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك".

پێشتریش فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لە گفتوگۆیەك لەگەڵ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد، لە ڕووی یاساییەوە فەرەیدوون عەبدولقادر ناتوانێت ببێت بە پارێزگاری كەركووك، چونكە خەڵكی ئەوێ‌ نییە. وتیشی "یەكێتی ناوی سێ‌ كاندیدی بۆ ئەوە پۆستە ئاراستەی پارتی كردووە".