پەرەگراف- کێبڕکێی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی پێشکەشکردنی کاندید چووە ساتی یەکلاکەرەوە، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری ئێستا، بە فەرمی خۆی بۆ خولی دووەم کاندید کردووەتەوە، هاوکات، یەکێتیی نزار ئامێدی و پارتی فوئاد حسێنی وەک کاندیدی فەرمیی ڕاگەیاند. ئەم سێ کەسایەتییە ئێستا وەک دیارترین ڕکابەرە کوردەکان دەبینرێن و ئەگەرێکی زۆر هەیە یەکێکیان پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنێت.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی، پشتڕاستی کردەوە کە نزار ئامێدی تەنها کاندیدی فەرمی یەکێتییە. ئامێدی کە پێشتر وەزیری ژینگەی عێراق بوو، کەسێکی نزیک بووە لە جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە بەغدادەو جێگەی متمانەی ماڵی تاڵەبانییە.
پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا، بەپێی ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، بە شێوەیەکی نەریتی بۆ کورد دانراوە. لە نێو کوردیشدا، بە گشتی وەک پشکی یەکێتی ئەژمار دەکرێت، بەڵام ململانێ مێژووییەکانی نێوان پارتە کوردییەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر ئەم کێبڕکێیە هەیە.
لە خولی پێشوودا، دکتۆر لەتیف ڕەشید وەک سەربەخۆ خۆی کاندید کرد لە کاتێکدا بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی بوو. پارتی دژی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح وەستایەوە و لە کۆتاییدا دکتۆر لەتیف وەک کاندیدێکی سازان بوو بە سەرۆککۆمار.
ئایا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؟ دکتۆر لەتیف خولێکی دیکە بەدەستدەهێنێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد، یان یەکێک لە کاندیدە فەرمییەکانی پارتەکان پۆستەکە دەباتەوە؟
زیاتر لە ٤٠ کاندید، لە نێویاندا عەرەب و کەسایەتی سەربەخۆ، داواکارییان پێشکەش کردووە. سەرەڕای ئەم ژمارە زۆرە، شانسی سەرکەوتنیان کەمە.
ئەم کێبڕکێیە نوێیە دوای دروستبوونی گرژیی هات لەسەر پۆستێکی دیکەی باڵای فیدراڵی، کە ئەویش جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و بە هەمان شێوە پشکی کوردە. ئەو کێبڕکێیە سێ خولی دەنگدانی خایاند؛ لە دوو خولی یەکەمدا، یەکێتی پاڵپشتی کاندیدی پارتی نەکرد و ڕێگەی دا ڕکابەرەکەی پێش بکەوێت، بەڵام لە خولی سێیەمدا و دوای ئەوەی پارتی کاندیدەکەی گۆڕی، یەکێتی پاڵپشتی بۆ کاندیدە نوێیەکە دەربڕی و لە کۆتاییدا سەرکەوت.
بەپێی یاسا کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستە چەند مەرجێکی تێدابێت، ئەوانەش؛ لە عێراق لە دایکبووبیت و باوک و دایکی عێراقی بن، شایستەیی تەواوی هەبێت وتەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت، ناو و ناوبانگی باش بێت ودەستپاک و دادپەروەر و دلسۆزبێت بۆ وڵات، ئاستی خویندەواریی لانی کەم بڕوانامەی زانکۆیی بەکالۆریۆسی لە زانکۆیەکی دانپێدانراو بەدەست هێنابێت، نابیت بە تاوانێکی لەکەدارکردنی شەرەف سزا درابێت و نابێت ڕیکارەکانی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری بیگرێتەوە.
پاش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە ٢٩-١٢-٢٠٢٥ کۆتایی هات، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت.
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.