كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لە ڕێگاكانی عەربەت - سەیدسادق - هەڵەبجە - پێنجوێن دەكەونە كار
پەرەگراف - بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لەسەر ڕێگاكانی عەربەت - سەیدسادق - پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها ڕێگای پێنجوێن، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەكەونە كار.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هاتووچۆی سلێمانی، كامێراكان بە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت) كار دەكەن. لە كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 دەكەونە كار.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "خستنەكاری كامێراكان بەمەبەستی كەمكردنەوە و ڕێكخستنی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە ڕووداوەكانی هاتووچۆیە".
"بە هەردوو سایدی هاتن و ڕۆشتن، كامێراكان بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ دیاری كراوە و سەرجەم ئەو سنوورانە لە قەراغی ڕێگاكانیدا هێمای دیاریكردنی خێراییان بۆ دانراوە. داواكارین لە شۆفێران پابەندی خێراییە دیاریكراوەكان بن تا بەدوور بن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو، لە هەمان كاتدا تا بەدووربن لە هەر سزایەكی هاتووچۆیی"، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی وا دەڵێت.