پەرەگراف - دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق درخرا. ٨١ کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە کە زیاتر لە ٣٠ کەسیان کوردن. یەکێتى یەک کاندیدى فەرمیى هەیە کە نزار ئامێدییە. د. لەتیف ڕەشیدیش خۆی کاندید کردووەتەوە. هەرچى پارتى دیموکراتە فوئاد حسێنى وەکوو ڕکاربەرى یەدەگ بۆ ئەگەرى نەگەیشتن بە یەکدەنگى دیارى کردووە. مەلا بەختیاریش بە نیەتى بەدەستهێنانى متمانەى هەردوولا وەکوو "کاندیدى هاوبەش" ئەسپى خۆى تاو دەدات. هەروەها زۆرینەى ئۆپۆزسیۆن، موسەننا ئەمین بە کاندیدى خۆیان دەزانن و کاندیدەکانى دیکە بەگشتى بێ پشتیوانن.
پۆستی سەرۆککۆمار لە عێراقدا، بەپێی ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، بەرکەوتەى کوردە. لەنێو کوردیشدا، بەگشتی وەک پشکی یەکێتی ئەژمار دەکرێت، بەڵام ململانێ مێژووییەکانی نێوان پارتە کوردییەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر ئەم کێبڕکێیە هەیە و پارتى سوورە لەسەر ئەوەى ئەگەر بۆ یەکێتیش بێت، قسەى خۆى لەسەر کاندیدەکە هەبێت.
کاندیدەکانى یەکێتى
نزار ئامێدى
یەکێتى بە فەرمى تەنیا یەک کەسى بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق کاندید کردووە، ئەویش (نزار ئامێدی)یە، وەکوو کاروان گەزنەیى، وتەبێژى فەرمیى حیزبەکە ڕایگەیاندووە. ئامێدی کە پێشتر وەزیری ژینگەی عێراق بوو، کەسێکی نزیک لە جەلال تاڵەبانیی سکرتێرى پێشووترى کۆچکردووى یەکێتى و سەرۆککۆماری عێراق بووە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە لە بەغدادە و جێگەی متمانەی ماڵی تاڵەبانییە.
خاڵى بەهێزى نزار ئامێدى، پاڵپشتیى تەواوى بافڵ تاڵەبانیى سەرۆکى یەکێتى و ئەزموون و پەیوەندییەکانیەتى لە ٢٢ ساڵى ڕابردوودا لە بەغداد، بەڵام هێشتا دیار نییە پارتى وەکوو کاندیدى هاوبەش قبووڵى دەکات یان نا.
نزار محەمەد سەعید (نزار ئامێدى)ـى تەمەن ٥٨ ساڵ، ساڵى ١٩٦٨ لە قەزاى ئامێدیى سەر بە پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩٣ بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە ئەندازیاریدا لە زانکۆى مووسڵ بەدەست هێناوە. ئەزموونى کارکردنى لە مەکتەبى سکارتاریەتى جەلال تاڵەبانى، سکرتێرى گشتیى پێشووترى یەکێـى هەبووە. لە ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ وەزیرى ژینگەى عێراق بووە و ئێستا بەرپرسى نووسینگەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانییە لە بەغداد.
نزار ئامێدى بەهۆى پاڵپشتیى فەرمیى یەکێتى و مێژوو و پەیوەندییەکانى لە بەغداد، زۆرترین چانسى لەناو بەربژێرەکاندا هەیە، بەتایبەت ئەگەر یەکێتى بتوانێت لەگەڵ پارتى بگاتە ڕێککەوتن و پاڵپشتیى مەسعود بارزانیى بۆ بەدەست بهێنێت.
عەبدوللـەتیف ڕەشید
د. عەبدوللـەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمارى ئێستاى عێراق، خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووەتەوە. هەرچەندە ناوبراو لەسەر یەکێتى ئەژمار دەکرێت، بەڵام تا ئێستا پاڵپشتیی فەرمیی حیزبەکەى نییە، لە دەرەوەى حزبەکەش هیچ کام لە حیزبەکانى دیکە بە فەرمی ڕایان نەگەیاندووە کە پاڵپشتیى دەکەن، بەڵام ڕەنگە لە درێژە کێشانی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و تووندبوونەوەی ململانێکە، وەک کاندیدی چارەسەر لە د. لەتیف ڕەشید بڕوانن.
ئاسۆ فەرەیدوون
ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگارى پێشووى سلێمانى و ئەندامى پێشووى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق، کاندیدێکى دیکەیە کە لەسەر یەکێتى ئەژمار دەکرێت. ئاسۆ فەرەیدوون جگە لەوەى هیچ پشتگیرییەکى فەرمیى یەکێتیى نییە، هاوکات بە کاندیدێکى بەهێز بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق نابینرێت.
کاندیدەکانى پارتى
فوئاد حسێن
فوئاد حسێن، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى، یەکەم کەس بوو کە حیزبەکەى کاندیدى کرد بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق. وتەبێژى پارتى بە کاندیدى فەرمیى حیزبەکەى ناوى دەبات. ئەمە دووەم جارە ناوبراو بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکرێت.
فوئاد حسێنى تەمەن ٧٧ ساڵ، ساڵى ١٩٤٩ لە خانەقین لەدایک بووە و ساڵى ١٩٧٤ بووە بە پێشمەرگە. خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان. ساڵى ٢٠١٨ کرا بە وەزیرى دارایى عێراق، ساڵى ٢٠٢٠ کرا بە وەزیرى دەرەوەى عێراق.
نەوزاد هادى
نەوزاد هادى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى و پارێزگارى پێشووى هەولێر، دووەم کاندیدى پارتییە. نەوزاد هادى ئێوارەى ئەمڕۆ لە دواکاتژمێرەکانى تۆمارکردنى ناوى کاندیدەکان چووە ناو کێبڕکێکەوە.
پارتى ئەگەرچى دوو کاندیدى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار هەیە و پێى وایە ئەو پۆستە هى کوردە نەک تەنیا یەکێتى، بەڵام تا ئێستا پاڵپشتیى بەهێزى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە نییە، بەتایبەت دەستبەردارنەبوونى پارتى لە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، واى کردووە یەکێتى لە بەغداد پاڵپشتیى باشتر بکرێت بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار لە بەرانبەردا، جگە لەوەى کە شیعەکان یەکێتى بە هاوپەیمانێکى گونجاوتر دەزانن بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە.
کاندیدە دیارەکانى دیکە
مەلا بەختیار
مەلا بەختیار، ئەندامى پێشووترى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى و سیاسەتمەدارى دیارى کورد، ئێوارەى ئەمڕۆ بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو کاندیدبوونى خۆى ڕاگەیاند. مەلا بەختیار کاندیدى فەرمیى هیچ لایەنێک نییە و سەربەخۆ خۆى کاندید کردووە.
مەلا بەختیار دەڵێت "وەكوو بەشێك لە چارەسەری كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی خۆم كاندید كردووە، ئەگەر ئەوان بگەنە كاندیدی هاوبەش، من نابم بە كێشە و سەرئێشە بۆ نێوانیان، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە كاندیدی هاوبەش، ئەوا منیش هەم".
مەلا بەختیار پێى وایە لە دوای مام جەلالەوە تا ئێستا، بووە بە قوربانیی "كێشە و ململانێكان". دەشڵێت "هەموو ئەو بەڕێزانەی بوون بە سەرۆككۆمار، دەزانن منیش شایستە بووم بۆ ئەو پۆستە".
مەلا بەختیار کە پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ پارتى و مەسعوود بارزانى هەیە و وەکوو خۆیشى دەڵێت "لە مێژووى یەکێتى دانەبڕاوم"، دەیەوێت سوود لەو خاڵە هاوبەشانە وەربگرێت و هەوڵى ئەوە دەدات متمانەى هەردوولا وەکوو کاندیدى هاوبەش بەدەست بهێنێت، ئەمەش دواى بەکارهێنانى پێگە و مێژووى سیاسیى خۆى بۆ بەدەستهێنانى ڕەزامەندیى شیعە و سوننە و تەنانەت پاڵپشتیى دەرەوەى عێراقیش، ئەگەر لەوەدا سەکەوتوو بێت.
ئەگەرچى وا دەردەکەوێت بەدەستهێنانى متمانەى پارتى و بارزانى لەلایەن مەلا بەختیارەوە ئاسان بێت، بەڵام بەدەستهێنانى متمانەى بافڵ تاڵەبانیى سەرۆکى یەکێتى کارێکى سەخت دەبێت و نزیک لە مەحاڵە، بەتایبەت دواى ئەو کێشانەى لە ساڵانى ڕابردوودا لەنێوانیاندا ڕووى دا و بووە هۆى دوورکەوتنەوەى مەلا بەختیار لە یەکێتى.
موسەننا ئەمین
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتارى یەکگرتوو و کاندیدى ئەو حیزبەیە بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق. ناوبراو پاڵپشتیى فراکسیۆنەکانى هەڵوێست و کۆمەڵى دادگەریى هەیە، کە پێکەوە لەگەڵ یەکگرتوو ١٠ کورسیى پەرلەمانییان هەیە. هەرچەندە خۆى دەڵێت کە لەلایەن فراکسیۆنى نەوەى نوێیشەوە پاڵپشتى دەکرێت، بەڵام نەوەى نوێ ڕایگەیاند هێشتا بڕیارى نەداوە بەشدارى لە کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دەکات یان نا.
موسەننا ئەمین ئەگەرچى پەرلەمانتار و سیاسییەکى دیارە، بەڵام تەنیا لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان پاڵپشتى دەکرێت، لەناو پەرلەمانتارانى شیعە و سوننەدا تەنیا لەسەر ئاستى تاک پاڵپشتى دەکرێت، ئەوەش بەهۆى ڕێککەوتنى سیاسى لەسەر ئاستى باڵا بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکان، کە واى کردووە پۆستە باڵاکانى کورد لە بەرژەوەندیى پارتى و یەکێتى یەکلا ببنەوە.
دەیان کەسى دیکە بەبێ هیچ پاڵپشتییەکى سیاسى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق کاندید کردووە، کە زۆرینە عەرەب و بەشێکیان کوردن. لەناو کاندیدە کوردەکاندا شیرین فوئاد مەعسووم، کچى سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق و شوان دوادى، پەرلەمانتارى پێشووى یەکێتى هەن.