پەرەگراف - بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی، سبەینێ شەپۆلێكی باران و بەفربارین لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات، لە دوانیوەڕۆی هەینی 09-01-2026، شەپۆلەكە بە "نمەبارانی لەسەرخۆ و بەفربارینی پچڕ پچڕ" لە ناوچە سنوورییەكان و لووتكەی شاخە بەرزەكانی ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆك دەست پێ بكات.
كاریگەریی شەپۆلەكە لە ئێوارەدا سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و باران لە سەنتەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕێژەی جیا جیا دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی دەڵێت "شێوازی بارانبارینی پێشبینیكراو، نمەباران و هەندێ كات بارانی مامناوەند دەبێت. بڕی بارانی پێشبینیكراو لەنێوان (10-20)ملم و بڕی بەفری پێشبینیكراو لە شاخە بەرزەكان و ناوچە سنوورییەكان لەنێوان (10-25)سم دەبێت".
كاریگەریی شەپۆلەكە تا "كاتەكانی شەوی ڕۆژی شەممە" بەردەوام دەبێت. پلەكانی گەرما بە نزیكەی (4-6) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و خێرایی با هەندێك كات بۆ سەرووی (20)كم لە كاتژمێرێكدا زیاد دەكات.