پەرەگراف - هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق هێرشی توند و فراوانیان بۆ سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب دەست پێ كرد و هێزەكانی ئاسایشی ئەو گەڕەكانە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. هەسەدە دەڵێت "شەڕی سەخت لە سەرجەم بەرەكان بەڕێوە دەچێت و گورزی كوشندە لە گرووپەكان وەشێندراوە".
سەربارى گەمارۆدانى گەڕکەکوردنشینەکان، هێزەكانی ئاسایش شەڕیان بردووەتە دەرەوەی گەڕەكی ئەشرەفییە و لەناو كۆڵانەكانی گەڕەكی سریان ڕووبەڕووی هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی سووریا بوونەتەوە.
دوای سێ ڕۆژ لە هێرشی هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی كوردنشین لە حەلەب، كاتژمێر ٠٢:٠٠ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە هێرشێكی فراوانیان بە "تۆپخانە، زرێپۆش و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" بۆ سەر ئەو گەڕەكانە دەست پێ كرد، هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكان بە چەكی سووك و قورس وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە و ژمارەیەك درۆنیش خراونەتە خوارەوە.
هێزی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكان دەڵێت "گرووپەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق بە تانك، تۆپخانە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی دڕندانە و هەڕەمەكیی بەرفراوانی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەكەن و هاووڵاتیانی مەدەنی دەكەنە ئامانج".
دەشڵێت "هێزەكانمان لە هەموو بەرەكانەوە لە شەڕێكی سەختدان، گورزی كوشندەیان لەو گرووپانە وەشاندووە و دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دیكەیان خستووەتە خوارەوە".
بەپێی ئاماری هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكان، بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەكیی هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی سووریا، تا بەیانیی ئەمڕۆ "هەشت هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و ٥٧ـی دیكە بریندار بوون".
هەروەها تەندروستیی حەلەب دەڵێت "بەهۆی بۆردوومانی هەسەدەوە حەوت كەس گیانیان لەدەست داوە و ٥٢ كەس بریندار بوون".