پێشنیازی دیمەشق بۆ ڕادەستكردنی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب ڕەت ‏كرایەوە

09-01-2026 03:08

پەرەگراف - ئەنجوومەنی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب، پێشنیازەكەی وەزارەتی بەرگریی ‏سووریا كە داوای چۆڵكردنی گەڕەكەكان لەلایەن هێزەكانی هەسەدە و ‏گواستنەوەیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەكات، بە "تەسلیمبوون" ناو دەبات و ڕەتی ‏دەكاتەوە. دەشڵێت "دیمەشق متمانەی نییە و بڕیارمان داوە بمێنینەوە و بەرگری ‏بكەین". هاوكات میدیای فەرمیی سووریا باس لە "مۆڵەتێكی نوێ‌" بۆ كشانەوەی ‏هەسەدە لەو گەڕەكانە دەكات.‏

بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی گەڕەكەكانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە ‏ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەتی نوێی شام و ئەو ‏كۆمەڵكوژییانەی ئەنجام دراون، ئامادە نیین ئاسایشی گەڕەكەكانیان ڕادەست ‏بكەین".‏

ئەنجوومەنەكە، ئامانجی هێرش بۆ سەر گەڕەكە كوردنشینەكان بە "گۆڕینی ‏دیمۆگرافیای ناوچەكە و ناچاركردنی خەڵك بە كۆچكردن" ناو دەبات. دەشڵێت ‏‏"حكومەتی كاتیی شام بە پاڵپشتیی دەوڵەتی توركیا و گرووپە چەكدارەكان، فشار ‏دەكات بۆ خۆڕادەستكردنی هێزەكانی ئاسایش و خەڵكی ناوچەكە".‏

ئەو پاسانەی كە حكومەتی دیمەشق ڕەوانەی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ‏ئەشرەفییەی كردبوون، بە ئامانجی ئەوەی هێزەكانی ئاسایشی ئەو گەڕەكانەی پێ‌ ‏بگوازێتەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ‏بە بەتاڵی گەڕانەوە و هەوڵەكەی وەزارەتی بەرگریی سووریا شكستی هێنا.‏

لە نوێترین هەواڵدا، تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا دەڵێت "سوپای سووریا مۆڵەتێكی ‏نوێ‌ دەداتە هەسەدە بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە گەڕەكی شێخ مەقسوود".‏

وەزارەتی بەرگریی سووریا شەوی ڕابردوو پێشنیازێكی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ ‏خستە ڕوو، بەپێی پێشنیازەكە، هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكانی ‏حەلەب بە چەكی سووك و بە سەلامەتی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە ‏ڕۆژئاوای كوردستان دەگوازرێنەوە.‏

پێشنیازەكەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ ماوەی شەش كاتژمێر بوو (03:00 ‏بۆ 09:00ـی بەیانی) و ماوەكە كۆتایی هات، دواتریش بە درێژكردنەوەی كات و ‏ڕەوانەكردنی پاس بۆ ناو گەڕەكە كوردنشینەكان، هەوڵی دا هێزەكانی ئاسایشی ئەو ‏گەڕەكانە بە كشانەوە قایل بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.‏

تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، داوای درێژكردنەوەی ماوەی ‏ئاگربەستی كردووە، بەئامانجی ڕەخساندنی هەلی ڕێككەوتن و چارەسەری ‏ئاشتییانە. ‏

ئەنجوومەنی گەڕەكەكانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەڵێت "لە 6ـی ئەم ‏مانگەوە گەڕەكەكانیان ڕووبەڕووی بۆردوومانی تووندی چەكی قورس بوونەتەوە، ‏كە تێیدا ناوەندە مەدەنییەكانی وەك مزگەوت، قوتابخانە و نەخۆشخانەكان ‏كراونەتە ئامانج".‏

ئەنجوومەنەكە ئەم پێشهاتانە بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكان ناو دەبات و ‏سەركۆنەی توندی بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە چاودێر و ‏گرەنتیكاری ڕێككەوتنامەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بوون.‏
‎ ‎