پەرەگراف - بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجام دا. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، "پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، بەڵام ڕاگەیەندراوەكە باسی دۆخی ئەمنیی حەلەب و هێرش بۆ سەر گەڕەكە كوردنشینەكان ناكات.
بارەگای بارزانی دەڵێت "سەرۆك شەرع ئەوەی دووپات كردەوە كە كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە، جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتمانی و سیاسی و مەدەنییەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سووریا بەشێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە".
لە بەرانبەردا مەسعوود بارزانی "پێزانینی" بۆ ئەو تێڕوانینەی ئەحمەد شەرع نیشان داوە و "پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سوورییەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك ڕاگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن".
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
ڕۆژی هەینی 9ی كانوونی دووەمی 2026 ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆكی سووریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانییەوە كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی سووریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش كردەوە. هەروەها سەرۆك شەرع ئەوەی دووپات كردەوە كە كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سووریا بە شێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی سەرۆك شەرع هەبوو و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك ڕاگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگی كردەوە ئەویش لەپێناو ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەك و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.